
وەرگێڕانی: کەمال چۆمانی
پێداچونەوەی: ئیحسان وەڵزی و لائق حەمە
تێبینی: کەوانە چوارگۆشەکان [وەک ئەمە] ڕوونکردنەوەی وەرگێڕانە.
خاوەن شکۆ، خانمان و جوامێران
ئەم بابەتەم بۆ موحازەرەکەی ئەمشەو هەڵبژاردوە چونکە وا بیردەکەمەوە کە گفتوگۆ هەنوکەیییەکانی سیاسەت و تیۆریی سیاسیی بە گوێرەی پێویست رەچاوی سایکۆلۆجیایان نەکردوە. هەقیقەتە ئابورییەکان، ئامارەکانی دانیشتوان، رێکخراوی دەستوریی و تا دوایی، زۆر بەوردیی دەخرێنەڕو. هیچ زەحمەتییەک لەوەدا نییە ئەگەر بمانەوێت بزانین دانیشتوانی کۆریای باکور و کۆریای باشور چەند بون کاتێک شەڕەکە دەستیپێکرد. ئەگەر تەماشای کتێبە دروستەکان بکەیت، تۆ دەتوانیت دڵنیابیت داهاتی هەر تاکێک چەند بو و قەبارەی سوپای هەردولا چی بو. بەڵام ئەگەر بتەوێت بزانیت کەسێکی کۆریی چۆنە، هەروەها بزانیت ئایا هیچ جیاوازییەکی شایانی باس لەنێوان کۆرییەکی باکوریی و باشوریی هەیە، ئەگەر بخوازی بزانیت هەریەکەیان چیان لە ژیان دەوێت، ئەو شتانە چین کە پێی نائاسودەن، ترس و هیواکانیان چین؛ لە وشەیەکدا، ئەوە چییە، وەک دەڵێن “وایان لێدەکات بجوڵێن”، بەنائومێدیی بەناو سەرچاوەکانی کتێبدا دەڕۆیت و هیچ نادۆزیتەوە. کەواتە ناتوانیت ئەوە بزانیت ئایا کۆرییە باشورییەکان بەحەماسن بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان، یان ئەوەتا زیاتر یەکێتییان لەگەڵ ئامۆزاکانیان لە باکور لا گرنگە. ناشتوانی ئەوە هەڵبێنی کە ئایا ئەوان دەیانەوێت واز لە چاکسازیی زەویوزار بێنن لە بەرانبەر ئیمتیازی دەنگدان بە هەندێک سیاسەتمەدار کە هەرگیز ناویان نەبیستون. ڕەتکردنەوەی ئەو جۆرە پرسیارانە لەلایەن هەندێک پیاوی بەناوبانگەوە کە لە پایتەختە دورەکان دانیشتون، زۆرجار دەبێتە هۆکاری بێهیوایی. ئەگەر بڕیار بێت سیاسەت ببێتە زانست، ئەگەر روداوەکەش بەردەوام نەبێتە موفاجەئە، ئەوە زۆر پێویستە بیرکردنەوەی سیاسییمان زیاتر بچێتە قوڵایی سەرچاوەی کردارەکانی ئینسان. کاریگەریی برسییەتی لەسەر دروشمەکان چییە؟ دروشمەکان چۆن کاریگەری لەسەر ژمارەی کالۆرییەکانی ناو رێجیمەکەت دادەنێن؟ ئەگەر کەسێک دیموکراسییت پێببەخشیت و کەسێکیش تورەکەیەک دانەوێڵە، لە چ قۆناغێکی لە-برسان-مردندا تۆ پەسەندی دانەوێڵەکە دەکەیت بەسەر دەنگداندا؟ ئەو جۆرە پرسیارانە زۆر کەم لەبەرچاودەگیرێن. لەگەڵ ئەوەشدا، دەی با ئێمە، لە ئێستادا، کۆرییەکان لەبیربکەین و رەگەزی ئینسان لەبەرچاوبگرین.
هەمو چالاکییەکانی ئینسان لەلایەن حەزەوە دنەدەدرێت. تیۆرییەکی تەواو هەڵە لەلایەن هەندێک کەسانی ئەخلاقییەوە پێشخراوە بە جۆرێک کە پێیوایە دەگونجێت روبەڕوی حەز ببیتەوە لە بەرژەوەندیی ئەرک و مەبدەئی ئەخلاق. من دەڵێم ئەوە هەڵەیە، نەک لەبەرئەوەی هیچ ئینسانێک بە هەستکردن بە هەستی بەرپرسیارێتیی بە ئەرکی هەڵنەستاوە، بەڵکو لەبەرئەوەی ئەرک ناتوانێت کەسێک بەرپرسیار بکات ئەگەر کەسەکە حەزنەکات بەوەی ئەرکدار بێت. ئەگەر دەخوازی بزانیت ئینسان چی دەکات، ئەوە دەبێت مەبدەئییەن نەک هەر دۆخی مادییان بزانیت، بەڵکو دەبێت تەواوی سیستەمی حەز و بەهێزییەکانی هەریەک لەو حەزانە بزانیت.
هەندێک حەز هەن هەرچەندە زۆر بەهێزن، وەک رێسایەک هیچ گرنگییەکی سیاسی گەورەیان نەبووە. زۆربەی ئینسانەکان لە سەردەمێکی ژیانیاندا حەزیان لێیە هاوسەرگیریی بکەن، بەڵام وەکو رێسایەک دەتوانین ئەو حەزەیان پڕبکەنەوە بێئەوەی هیچ کردەیەکی سیاسیی ئەنجامبدەن. بێگومان ئیستیسنایش هەیە، بۆ نمونە دەستدرێژیکردنە سەر ژنانی سابینە بۆ خۆی کەیسێکە. هەروەها پێشکەوتنی باکوری ئوسترالیا بەجدیی ڕێی لێ گیراوە بەو ڕاستییەی کە ژمارەیەکی زۆر لە پیاوانی گەنج کە پێویستە کاربکەن حەزیان لەوە نەبو کە بەتەواوی لە جڤاکی مێ داببڕێن. بەڵام ئەو کەیسانە نائاسایین و بە گشتیی ئەو ئارەزوەی کە ژنان و پیاوان بۆ یەکتریان هەیە کاریگەرییەکی کەمی لەسەر سیاسەت هەیە.
ئەو حەزانەی کە لەڕوی سیاسییەوە گرنگن ئەکرێ دابەشبکرێنە سەر گروپی سەرەتایی و گروپی دوەمیی. لە گروپی سەرەتاییدا پێویستییەکانی ژیان دێن: خواردن، شوێنی حەوانەوە و جلوبەرگ. کاتێک ئەو شتانە زۆر کەم دەبن، هیچ سنورێک نییە بۆ هەوڵەکانی ئینسان بۆ ئەوەی ئەو پێویستییانە بەدەست بێنێت، یان بۆ ئەو توندوتیژییەی کە لەپێناویدا نیشانیدەدەن بەو هیوایەی بەدەستیان بێنێت. ئەوە لەلایەن خوێندکارانی هەرە سەرەتایی مێژو گوتراوە کە لە چوار بۆنەی جیاوازدا، وشکەساڵیی لە دونیای عەرەب وای کرد دانیشتوانەکەیان بڵاوببنەوە بە هەرێمەکانی دەوروبەردا کە لەگەڵ خۆیدا کاریگەریی زۆری سیاسیی، کەلتوریی و دینیی دروستکرد. دوایین جاری ئەم چوار بۆنانە سەرهەڵدانی ئیسلام بو. بڵاوبونەوەی وردە-وردەی عەشیرەتە جێرمانەکان [نەک ئەڵمانەکان] لە باشوری روسیاوە بۆ ئینگلاند، ئینجا لەوێشەوە بۆ سان فرانسیسکۆ، پاڵنەری هاوشێوەیان هەبو. بێگومان ویستی خواردن یەکێک بوە، هێشتاش یەکێکە، لەو هۆکارە سەرەکییەکانی ڕووداوە گەورە سیاسیەکان.
بەڵام مرۆڤ لە ڕویەکی گرنگەوە لە ئاژەڵی تر جیاوازە، ئەوەش ئەوەیە کەوا مرۆڤ هەندێ حەزی هەن، بە گشتی، بێ کۆتان، هیچ کاتێ ناکرێت تێربکرێن، هەروەها لە بەهەشتیشدا بێ ئارامی لێ ئەبڕێ. ماری “بۆوا کۆنستریکتۆر”، کاتێ خواردنێکی باشی خواردبێ، ئەخەوێ و هەڵناسێ تا دیسان پێویستی بە ژەمێکی تر نەبێ. مرۆڤ، زۆربەی زۆری، وا نین. عەرەبەکان، کە ڕاهاتبوون لەسەر ئەوەی بە چەند دەنکە خورمایەک بژین، کە دەستیان گەیشتە خێروبێری رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆریەتی رۆمانیی، کاتێک لە هەندێک جێگای ئەوپەڕی رەفاهیەتدا ژیان، بەو شێوازە خەویان لێ نەکەوت. چیتر برسێتی نەبوە بزوێنەر، ئاخر کۆیلە یۆنانییەکان جۆرەها خواردنی تا بڵێی رازاوەیان بە سەرلەقاندنێک بۆ دابیندەکردن. حەزی تر بە چالاکی هێشتنیەوە: بە تایبەتی چوارکە دەتوانین ناویان بنێین چاوبرسێتیی [تەماحی نەبڕاوە بۆ کۆکردنەوە ماڵ و سامان]، کێبڕکێ، خۆویستن و حەزی دەسەڵات.
چاوبرسێتیی – حەزیخاوەندارێتیی هەرچی زیاتری شت، یان شت بەناوەوە بوون – ئەو بزوێنەرەیە کەوا، وابزانم، ڕیشەی لە ترس و ویستی پێداویستییەکاندایە. جارێک بومە هاوڕێی دو کچی بچوکی خەڵکی ئیستۆنیا، کە بە ئاستەم نەجاتیان بوبو لە مەرگی لەبرسامردن. ئەوان لەگەڵ خێزانەکەم دەژیان، بەدڵنیایییەوە زۆر هەبو لەبەر دەستیان بیخۆن. بەڵام لە کاتی بەتاڵیاندا دەچون بۆ کێڵگەکانی دراوسێ بۆ دزینی پەتاتە، کە بەس خڕیان دەکردەوە. ڕۆکفێلەر [دەوڵەمەندێکی ئەمریکییە]، کە لە منداڵییدا فەقیرییەکی زۆری چەشتبو، تەمەنی باڵغی بە هەمان شێوە بەسەربرد. سەرۆک خێڵە عەڕەبەکانیش لە دیوانە بەیزەنتینییە ئاوریشمییەکانیاندا بیابانیان لەبیرنەدەکرد، و سەروەتیان زۆر زیاتر لە هەر پێویستییەکی دیکەی مادیی خڕدەکردەوە. هەر جۆرە شیکارێکی دەرونیی بکرێت بۆ چاوبرسێتیی، کەس ناتوانێت نکۆڵیی لەوە بکات کە یەکێ لە بزوێنەرە گەورەکانە – بە تایبەتی لەلای بەهێزترەکان، چونکە، وەک پێشتر گوتم، یەکێک لەو حەزانەیە کە تێر ناکرێت. چەندە زیاتر وەدەستبخەی، هەمیشە دەتەوێت زیاترت هەبێت، خەونی تێربون هەمیشە دەتخەڵەتێنێت.
چاوبرسێتیی، هەرچەندە سەرچاوەی سەرەکیی سیستەمی سەرمایەدارییە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک بەهێزترین پاڵنەر نییە لەو پاڵنەرانەی کە لە داستانی برسێتیی دەمێنێتەوە. کێبڕکێکردن پاڵنەرێکی یەکجار بەهێزترە. دوبارە و بەبەردەوامیی لە مێژوی موحەممەدا [ئیسلام]، شانشینەکان توشی دەردەسەریی بون چونکە کوڕەکانی سوڵتان لە دایکە جیاوازەکان نەیانتوانیوە رێکبکەون و، لە ئەنجامی ئەمەش توشی شەڕی ناوخۆ بون کە بە روخان کۆتاییان هاتوە. هەمان شتیش لە ئەوڕوپای مۆدێرندا رویدا. کاتێک حکومەتی بەڕیتانیی زۆر بەناعەقڵانە رێ بە قەیسەر دەدات لە پێداچونەوەیەکی دەریاوانیی لە سپیتهێد ئامادەبێت، ئەو فیکرەیەی لە مێشکی سەریهەڵدا ئەوە نەبو کە دەویسترا، “دەبوایە سوپایەکی دەریایی باشی وەک هی نەنکم هەبوایە”. لەو فیکرەیەوە تەواوی کێشە بەردەوامەکان سەریانهەڵدا. جیهان شوێنێکی بەختەوەرتر دەبو ئەگەر چاوبرسیبون هەمیشە لە ڕکابەریی بەهێزتر بوایە. بەڵام لە راستییدا، ژمارەیەکی زۆر لە ئینسان بەخرۆشانەوە روبەڕوی هەژاریی دەبونەوە ئەگەر بیانزانیبوایە بەتەواوی ڕکابەرەکانیان لەناودەبەن. هەمان شتیش راستە سەبارەت ئاستی ئەو باجەی دەخرێتە سەریان لە ئێستادا.
خۆویستن پاڵنەرێکی بەهێزیی باڵایە. ئەوەی کە زۆر سەروکاری لەگەڵ منداڵاندا هەیە ئەوە دەزانێت کە چۆن هەندێک منداڵ شتی سەیر دەکەن، وەک ئەوەی دەڵێن “تەماشام بکە”. “تەماشام بکە” یەکێک لە بنچینەترین حەزەکانی دڵی ئینسانە. ئەوە دەتوانێت بێکۆتا شێوەی جیاوازی هەبێت؛ لە خۆ-گاڵتەجاڕیکردنەوە بگرە بۆ هەوڵدان بۆ ناوبانگی دوای مردن. شازادەیەکی ئیتاڵیی رۆشنگەریی هەبو کە لەلایەن قەشەکەوە پرسیاری لەسەر قەبرەکەی لێ کرا کە ئایا شتێکی هەیە لێی پەشیمانبێتەوە. قەشەکە گوتی “بەڵێ، شتێک هەیە. لە بۆنەیەکدا ئیمپراتۆر و پاپا لە یەک کاتدا سەردانیان کردم. بردنم بۆ لوتکەی تاوەرەکەم تا دیمەنەکە ببینن و دەرفەتەکەم لەدەستدا کە هەردوکیان لەسەر تاوەرەکە فڕێبدەمە خوارەوە، کە ئەوە وای لێ دەکردم ناوبانگم بەنەمریی بمێنێتەوە”. مێژو ئەوە نابەستێتەوە بەوەی کە ئایا قەشەکەی لێخۆشبونی پێبەخشی. یەکێک لە کێشەکانی خۆویستن ئەوەیە لەگەڵ ئەو شتەدا گەشەدەکات کە دنەی دەدات. تا زیاتر باستبکرێت، زیاتر حەزدەکەیت باستبکرێت. بکوژی ئیدانەکراو کە رێیپێدراوە مەلەفی دادگاییکردنەکەی خۆی ببینێت لە میدیادا زۆر توڕەدەبێت ئەگەر ببینێت رۆژنامەیەک بەناتەواویی زانیارییەکانی بڵاوکردبنەوە. هەرچەندە زیاتر دەربارەی خۆی لە رۆژنامەکانی دی بدۆزێتەوە، زیاتر توڕە و بێزار دەبێت لەوەی کە راپۆرتەکانی کەم زانیارییان بەخشیوە. سیاسەتمەداران و ئینسانی ئەدیب لە هەمان دۆخ دان. هەرچەندە بەناووبانگتر ببن، زیاتر حەزیان لە دەرکەوتنە لە میدیاکان و زەحمەتتر قەناعەتیان دێت. ناتوانی زیادەڕۆیی بکەیت لە کاریگەریی خۆویستن لە تەواوی ژیانی ئینساندا، لەبەرئەوەی لە منداڵێکی سادەوە بگرە تا دەگاتە ئەو حوکمڕانەی دونیا لەژێر دەستی دەلەرزێت، ئەو ویستە بێسنورە. ئینسان تەنانەت ئەو بێ تەقواییەشی ئەنجامداوە کە ویستی هاوشێوە بخاتە پاڵ خودا، وا بیردەکەنەوە کە خوداش تێرنابێ لە پیاهەڵدانی بەردەوام.
بەڵام چەندە کاریگەریی ئەو حەزانەی باسمان کردن گەورە بن، یەکێک هەیە قوڕسایی لە هەمو ئەوانی دی زۆرترە. مەبەستم خۆشەویستیی دەستەڵاتە. خۆشویستنی دەسەڵات دۆستێکی زۆر نزیکی خۆویستنە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک هەمان شت نین. خۆویستن بۆ تێربوونی پێویستی بە شکۆیە، ئاسانیشە شکۆت هەبێت بێ هەبونی دەستەڵات. ئەو خەڵکەی لە ئەمریکا گەورەترین شکۆیان هەیە ئەستێرەکانی سینەمان، بەڵام دەتوانرێت لە شوێنی خۆیان رابگیرێن لەلایەن “کۆمیتەی چالاکییە نا-ئەمریکییەکان”ەوە کە هیچ شکۆیەک نایگرێتەوە. لە ئینگلاند، پاشا شکۆی لە سەرۆک وەزیران زیاترە، بەڵام سەرۆک وەزیران دەستەڵاتی زیاترە لە پاشا. زۆر کەس شکۆیان لا گرنگترە لە دەستەڵات، بەڵام بە گشتیی ئەو خەڵکانە کاریگەرییان لەسەر چەرخی روداوەکان کەمترە لە ئەوانەی دەستەڵاتیان لە شکۆ لا گرنگترە. کاتێک بلوچەر[جەنەراڵێکی پڕووشی بوو]، لە ١٨١٤، کۆشکەکانی ناپلیۆنی بینی، گوتی، “ئەرێ ئەو گێل نەبو هەمو ئەوانەی هەبێت و بەدوای مۆسکۆشەوە بێت.” ناپلیۆن، کە بەدڵنیایی خۆنەویست نەبو، بەڵام کاتێک سەرپشک دەکرا هەمیشە دەستەڵاتی هەڵدەبژارد. لای بلوچەر، ئەو بژاردەیە گێلانە بو. دەستەڵات، وەک خۆویستن، تێربوونی نیە. بە کەمتر لە خاوەندارێتی دەسەڵاتی رەها تێر ناکرێت. وەک ئەوەی بەتایبەتی بەڵایەکە بۆ کەسانی بەوزە، بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بەراوردی کاریگەری ئاسایی حەزی خۆشویستنی دەسەڵات و بڕی دووبارەبوونەوەکەی بکەین. ئەوە، بە راستی، بە هەمو پێوەرێک بەهێزترین پاڵنەرە لە ژیانی ئینسانی گرنگدا.
خۆشەویستیی دەستەڵات لەگەڵ ئەزمونکردنی دەستەڵاتدا بە شێوەیەکی گەورە زیاددەکات و، ئەمە بۆ دەستەڵاتێکی کەم و دەستەڵاتێکی کاریگەریش راستە. لە رۆژانی خۆشبەختیی پێش ١٩١٤دا، کە خانمانی خانەدان دەیانتوانی خزمەتکاریان هەبێت، لە ماڵەوەش لەگەڵ ئەزمونکردنی دەستەڵاتدارێتیی و بەساڵاچوندا خۆشەویستیی دەستەڵات زیادیدەکرد. بە هەمان شێوە، لە هەر سیستەمێکی تاکڕەودا، ئەوانەی دەستەڵاتیان لە دەستە زیاتر و زیاتر تاکڕەو و دڵڕەق دەبن بە ئەزمونکردنی ئەو خۆشییانەی دەستەڵات پێیان دەبەخشێ. چوونکە دەستەڵات بەسەر ئینساندا بەوەدا دەردەکەوێ کە وایان لێ دەکات ئەوە بکەن کە دەیکەن نەک ئەوەی کە نابێت بیکەن، ئەو ئینسانەی کە بە خۆشەویستیی دەستەڵات قوڕمیشکراوە زیاتر ئامادەیی تێدایە بۆ ئازاردان نەک چێژوەرگرتنی مۆڵەتدان. ئەگەر تۆ داوا لە سەرکارەکەت بکەیت بۆ مۆڵەتێک بۆ بۆنەیەکی یاساییش، خۆشەویستیی ئەو بۆ دەستەڵات وای لێ دەکات کە لەزەت زیاتر دەبینێ لە رەتکردنەوە وەک لە رازیبون بە پێدانی مۆڵەتەکە. ئەگەر پێویستت بە مۆڵەتی دروستکردن بێ لە شارەوانی، بەرپرسیارە بچوکەکە زیاتر چێژ لە “نا” دەبینێت وەک لە “بەڵێ”. ئا ئەم جۆرە شتەیە کە وا لە خۆشەویستیی دەستەڵات دەکات ئەوەندە بزوێنەرێکی مەترسیدار بێت.
بەڵام ڕوی تریشی هەن کە زۆرتر حەزلێکراون. بەدواکەوتنی زانست، من وا بیردەکەمەوە، بە شێوەیەکی سەرەکیی ئەویش بە خۆشەویستیی دەستەڵات قوڕمیشکراوە. هەروەها هەمو پێشکەوتنەکان لە زانستی تەکنیکدا. هەروەها لە سیاسەتدا، دەکرێ ریفۆرمخوازێک هێندەی خۆشەویستیی طاغوتێک، خۆشەویستیی بەهێزی بۆ دەستەڵات هەبێت. هەڵەیەکی زۆر گەورە دەبێت ئەگەر خۆشەویستیی دەستەڵات بەیەکجاری سەرکۆنەبکرێ. ئایا بەم بزوێنەرە جوڵابیت بەرەو کردارێک کە سووبەخش بێ، یان کردارێک کە زیانبەخش بێ، دەگەڕێتەوە سەر سیستەمە کۆمەڵایەتییەکە و تواناکانی خۆت. ئەگەر تواناکانت تیۆری یان تەکنیکیی بن، ئەوا بەشدارییەکەت مەعریفیی یان تەکنیکیی دەبێت، وەک یاسایەک، چالاکییەکەت سودبەخش دەبێت. ئەگەر سیاسەتمەدارێک بیت ئەکرێ بە خۆشەویستیی دەستەڵات بجوڵێیت، بەڵام وەک یاسایەک ئەو پاڵنەرە ئەلکێ بەو حەزەوە کەوا بتەوێ دۆخێک ببینی، کە لەبەر هەر هۆیەک بێ، پێت باشترە لە دۆخی ئێستا. ژەنەڕاڵێکی گەورە، وەک ئالسیبادێس [سیاسەتمەدار و ژەنەڕاڵێکی ئەثینای کۆن]، لەوانەیە لای گرنگ نەبێ لە چ لایەکیان بجەنگێ، بەڵام زۆربەی ژەنەڕاڵەکان ئەوەیان لە پەسەند بوە کە شەڕ بۆ وڵاتی خۆیان بکەن و، هەر بۆیە؛ پاڵنەریی دیکەیان هەبوە جگە لە پاڵنەری خۆشەویستیی بۆ دەستەڵات. سیاسەتمەدران لەوانەیە سەنگەری خۆیان زوزو بگۆڕن بۆ ئەوەی هەمیشە لەگەڵ زۆرینە بن، بەڵام زۆربەی سیاسەتمەدارەکان پێشینەیان بۆ حیزبێک هەیە زیاتر لەوانی تر، خۆشەویستییان بۆ دەستەڵات دەخەنە ژێر ڕکێفی ئەو بژاردەیەوە. خۆشەویستیی بۆ دەستەڵات تا ئەو ڕادەیەی بکرێ خاوێن بێ دەکرێ لە هەمو جۆرەکانی ئینساندا ببینرێت. یەکێکیان سەربازی سامانە، کە ناپلیۆن باڵاترین نمونەیە. من وا بیردەکەمەوە ناپلیۆن خاوەنی هیچ تەفزیلاتێکی ئایدیۆلۆژیی نەبو بۆ فەڕەنسا بەسەر کۆریسکادا، بەڵام ئەگەر بوبوایە ئیمپڕاتۆری کۆریسکا، ئەو نەدەبوە ئەو پیاوە گەورەیەی کە بو بەوەی وای نیشاندا کە فەڕەنسیی بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو جۆرە پیاوانە نمونەی خاوێن نین بۆ حەزی دەسەڵات، لەبەرئەوەی لەزەتی یەکجار لە خۆویستییش وەردەگرن. خاوێنترین نمونە، نمونەی ‘دەسەڵاتداری شاراوەیە’، ئەو دەستەڵاتەی لە پشتی عەڕشەوەیە کە هەرگیز لە ژیانی گشتییدا نابینرێت و، هەمیشە خۆی بەنهێنیی دەهێڵێتەوە: “چەند کەم دەزانن ئەو دەسکەلایانە کە کێ ژێکان رادەکێشێت.”
باڕۆن هۆلشتین، کە سیاسەتی دەرەوەی ئیمپڕاتۆریی ئەڵمانیی کۆنترۆڵکردبو لە ١٨٩٠ تا ١٩٠٦، وێنەی ئەو جۆرە بەتەواوی روندەکاتەوە. ئەو لە تەویلەیەکدا دەژیا؛ هەرگیز لە کۆمەلگەدا دەرنەکەوت؛ خۆی دوردەگرت لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئیمڕاتۆر تەنها لە یەک تاکە بۆنەدا نەبێت ئەویش بە تکاو ڕجایەکی زۆری ئیمپراتۆر؛ ئەو هەمو داوەتنامەکانی کاروباری دادگای رەتکردەوە، گوایە خاوەنی جلوبەرگێکی دادگا نەبو لەبەری بکات. ئەو ئەو نهێنییانەی لابوو کە توانای ترساندنی راوێژکار و زۆر لە خۆشەویستانی قەیسەری هەبوو. ئەو دەستەڵاتی ترساندنی بەکاردەهێنا، نەک بۆ بەدەستهێنانی سامان یا ناوبانگ و هیچ ئیمتیازاتێک، بەڵکو تەنها بۆ تەبەنیکردنی ئەو سیاسەتی دەرەوەیەی ئەو بە لایەوە پەسەند بو. لە رۆژهەڵاتدا، ئەو جۆرە کاراکتەرانە لەناو خەسێنراوەکاندا هەبون [لە چینی کۆندا، ئیمپراتۆرەکان هەندێک پیاویان دەخەساندن بۆ ئەوەی ببنە پاسەوانی خێزانەکانیان].
ئێستا دێمە سەر پاڵنەرەکانی دیکە، هەرچەندە لەڕوی هەستەوە کەمتر بنچینەیین لەوانەی کە تا ئیستا باسمان کردون، بەڵام سەرەڕای ئەوە وەک ئەوانی دی جێی گرنگیین. یەکەم شت لەوانە خۆشەویستییە بۆ خرۆشان. ئینسان گەورەیی خۆی بەرانبەر ئاژەڵەکان نیشاندەدات بە توانای بێزاربوون، هەرچەندە هەندێکجار بیرمکردۆتەوە، بە وردبوونەوە لە مەیمونەکانی باخچەی ئاژەڵان کە لەوانەیە پاشماوەی ئەو هەستە ماندووکەرەیان تیابێت.
ئەوە هەرچۆنێ بێ، ئەزمون نیشانی دەدات کە هەڵاتن لە بێزاریی یەکێکە لە حەزە بەهێزە راستەقینەکانی تەقریبەن هەموو ئینسانێک. کاتێک بۆ یەکەمجار سپی پێستەکان بۆ یەکەمجارلەگەڵ هەندێک رەگەزی کێوییانەی دەستلێنەدراو بەریەککەوتن، هەمو جۆرێک سوودیان پێشکەشکردن، لە روناکیی ئاینەوە بۆ کولیچەی کولەکە. ئەمە، هەرچەندە ئەکرێ پەشیمان بین لێی، زۆربەی وەحشییەکان لایان گرنگ نەبوو. ئەوەی کە ئەوان زۆر بە بەهادار دەزانن لەناو ئەو دیارییانەی ئێمە بۆمان هێنان ئەو شلەمەنیە سەرخۆشکەرانەبوو کە توانایان پێدەبەخشین، بۆ یەکەمجار لە ژیانیان، وابزانن بۆ چەند ساتێکی کورت کە باشترە زیندو بیت لەوەی کە مردو. هیندییە سورەکان، ئەوکاتەی کە لە لایەن سپی پێستەکانەوە هیچ کاریان تێنەکرابو، سەبیلی خۆیان دەکێشا، نەک هێندە هێمن وەک ئێمە، بە جۆرێک کە لە قوڵاییەوە قومیان لێ دەدات و دەیبوراندنەوە، قسەکەرێکی نیشتیمانپەروەر بە رادەیەک وەحەماسی دەخستن کە پەلاماری عەشیرەتیکی دراوسێیان بدەن، ئەوە هەمو ئەو چێژ و خۆشییەی پێدەبەخشین کە ئێمە (بە گوێرەی تێگەیشتنی ئێمە) لە پێشبڕكێی ئەسپسوارییەوە یان هەڵبژاردنە گشتییەکان وەریدەگرین. چێژی قومارکردن بەتەواوی لە خرۆشاندا دروستدەبێت. مۆنسیور هوک [میسیۆنەرێکی فەڕەنسی 1813-1860] باسی بازرگانانی چینیی دەکات کە لای دیواری گەورەی چین لە زستاندا قوماریان دەکرد تا تەواوی پارەکەیان لەدەستدەدا، ئینجا هەمو شتە بازرگانییەکانیان، دواتر قوماریان لەسەر جلەکانیان دەکرد و بەڕوتیی دەهاتنەدەرەوە تا لە سەرمادا بمرن. لای هەردوکیان، مرۆڤی شارستانی و هیندییە سورە ساویلکەکانیش، وا بیردەکەمەوە ئەوە خۆشەویستیی خرۆشانە کە وا لە جەماوەر دەکات چەپڵە لێبدات کاتێک شەڕێک دەستپێدەکات، هەستەکە رێک هەمان هەستە کە بۆ یارییەکی تۆپی پێ هەیە، هەرچەندە لەوانەیە ئەنجامەکان تا رادەیەک جدییتر بن.
ئاسان نییە بە گشتیی بڕیاربدەیت رەگی هۆکاری خۆشەویستیی بۆ خرۆشان چیە. من بەولایەدا دەشکێمەوە کە وایدابنێم مێشکی ئێمە لەگەڵ ئەو قۆناغەدا راهێنراوە کە ئینسان لەڕێی راوکردنەوە دەژیا. کاتێک ئینسان رۆژێکی درێژی بەسەردەبرد بە چەکی زۆر سەرەتایی بۆ راوکردنی مامزێک بە هیوای بەدەستهێنانی نانی ئێوارە و، کاتێک، لە کۆتایی رۆژدا، سەرکەوتوانە لاشەی گیاندارێکی بۆ ناو ئەشکەوتەکەی رادەکێشا، ئەو بە لەخۆڕازیبونەوە لێی پاڵدەدایەوە، ئەمە لە کاتێکدا خێزانەکەی گۆشتەکەی لێدەنا. خەواڵو بو و، ئێسکەکانی ژانیان دەکرد و، بۆنی چێشتەکە هەست و دڵی داگیردەکرد. لە کۆتاییدا، دوای خواردنەکە، دەکەوتە خەوێکی قوڵ. لە ژیانێکی وادا نە کات هەبو بۆ بێزاربوون و نە وزە. بەڵام کاتێک ئینسان دەستیکرد بە کشتوکاڵ و، وایکرد خێزانەکەی هەمو ئیشە قوڕسەکان لەناو کێڵگەدا بکات، ئەو کاتی هەبو بۆ تێفکرین لەسەر خۆویستیی ژیانی ئینسان، بۆ داهێنانی خوڕافیات و سیستەمەکانی فەلسەفە و، خەونبینی بە ژیانی دواڕۆژ کە تێیدا بەبەردەوامیی راوی ئاژەڵی کێویی ڤاڵهاڵا دەکات. پێکهاتەی مێشکی ئێمە بۆ ژیانێک گونجاوە کە پڕ بێ لە کاری جەستەیی یەکجار قوڕس. کاتێک گەنجتر بوم راهاتبوم پشوەکانی خۆم بە رۆیشتن پڕبکەمەوە. هەر رۆژەی ٢٥ میل دەڕۆیشتم و، کاتێک ئێوارە دەهات هیچ شتێک پێویستیی نەدەکرد من بەبێزاریی بهێڵێتەوە، لەبەرئەوەی چێژی دانیشتن بەس بو. بەڵام ژیانی مۆدێرن ناتوانێت لەسەر ئەو بنەما فیزیکییە سەختانە بەڕێ بکرێ. بەشی زۆری ئیشی مۆدێرن بێ جوڵەیە و، لە زۆربەی ئیشەکان تەنها چەند ماسولکەیەکی تایبەتەمەندی کەم دەجوڵێنرێن بۆ جێبەجێکردنی کارەکان. کاتێک قەرەباڵغییەک لە مەیدانی ترافاڵگار [یەکێ لە شوێنە ناسراوەکانی لەندەنە] کۆدەبنەوە بۆ هاندانی راگەیەنراوێک کە حکومەت بڕیارێکی داوە بەهۆی ئەو بڕیارەوە ئامادەبوان تیایدا ئەکوژرێن، ئەو خەڵکە کۆنەدەبونەوە ئەگەر ئەو ڕۆژە پێش ئەوەی کۆبنەوە لەوێ ٢٥ میل رۆیشتبان. ئەو چارەسەرییەی شەڕخوازییش، عەمەلیی نییە. ئەگەر بڕیاریش بێت رەگەزی ئینسان بمێنێتەوە – شتێکە کە لەوانەیە، نەخوازراو بێ – ڕێگای دیکە پێویستە بدۆزرێنەوە بۆ دابینکردنی دەرچەی بێ زیان بۆ ئەوەی ئەو وزە فیزیکییە بەکارنەهێنراوەی کە خۆشەویستیی بۆ خرۆشان بەرهەمدێنێت لێوەی بچێتە دەرەوە. ئەوە مەسەلەیەکە لای ئەخلاقییەکان و ریفۆرمیستە کۆمەڵایەتییەکان زۆر کەم قسەی لەسەر کراوە. ریفۆرمیستە کۆمەڵایەتییەکان لەسەر ئەو رایەن کە شتی جدیتریان هەیە بۆ لەبەرچاوگرتن. ئەخلاقییەکان (مۆرالیستەکان)، لە لاکەی ترەوە، لە رادەبەدەر بە جدییەتی هەمو دەرچەکانی خۆشەویستیی بۆ خرۆشان کاری تێکردون، هەرچەندە ئەو جدییەتەش لە مێشکی خۆیاندا هی ئەنجامدانی گوناهە. هۆڵەکانی سەما، سینەما، ئەم سەردەمەی جاز [جۆرێکە لە مۆسیقا]، هەمویان، ئەگەر بڕوا بە گوێکانمان بکەین، دەرچەن بۆ دۆزەخ و، ئێمە پێویستە باشتر دە کاربخرێین بە دانیشتن لە ماڵێ تا لە گوناهەکانی خۆمان وردبینەوە. من وا خۆم دەبینم کە ناتوانم بەتەواوی کۆکبم لەگەڵ ئەو ئینسانە خەمبارانەی کە ئەو جۆرە ئاگادارکردنەوە رەهاگەرانە دەدەن. ئەهریمەن زۆر شێوەی هەن، هەندێکیان وا نەخشێنراون تا گەنجان هەڵبخەڵەتێنن، هەندێکیان وا هەڵخەڵەتێنراون تا پیر و جدییەکان هەڵبخەڵەتێنن. ئەگەر ئەوە ئەهریمەن بێت کە پاڵ بە گەنجانەوە دەنێت تا خۆش بەسەرببەن، ئەرێ هەمان کەسایەتیی نییە کە وا لە پیر دەکات نکۆڵیی لە چێژوەرگرتن بکات؟ ئەرێ دیسان لەوانە نییە کە نکۆڵیکردن لە چێژیوەرگرتن شێوەیەک بێت لە خرۆشان کە گونجاو بێت بۆ تەمەنی پیر؟ ئەرێ دیسان ئەو نکۆڵیکردن لە خۆشیوەرگرتنە بۆخۆی مادەی هۆشبەری وەکو ئۆپیوم نییە کە پێویستە بە دۆزی تا بێ بەهێزتر بخورێن بۆ ئەوەی ئەو کاریگەرییە دروستبکات کە دەویسترێت؟ ئەرێ نابێت بترسێین لەوەی کە بە دەستپێکردنی نەفرەت کردن لە سینەما، هەنگاو بە هەنگاو ئاراستەبکرێین بۆ ئیدانەکردنی حیزبە سیاسییە نەیارەکانمان، بۆ نمونە ئیسپانی و پورتوغالی، ئیتالی و ئاسیاو و خەڵکانی تریش، بە کورتی هەمو شتێک یان کەسانێک جگە لە کەسانی نزیک و دەوروبەری خۆمان کە سەر بە هەمان یانە بین؟ ئا ئەو جۆرە ئیدانەکردنانە کاتێک کە بەربڵاوبن، دەبنە هۆکاری دەستپێکردنی شەڕەکان. هەرگیز نەمبیستوە شەڕێک لە هۆڵەکانی سەماکردنەوە دەستیپێکردبێت.
ئەو شتە جدییەی لە خرۆشاندا هەیە ئەوەیە کە زۆر لە شێوەکانی روخێنەرن. خرۆشان روخێنەرە لەو کەسانەدا کە ناتوانن بەر بە کحولی زۆر و قومارکردن بگرن. روخێنەرە کاتێک شێوەی توندوتیژیی مۆب [گەلەکۆمە] وەردەگرێت. لە سەروی هەمو شتێکیشەوە روخێنەرە کاتێک بەرەو شەڕمان دەبات. ئەوەندە پێویستییەکی قوڵە کە دەرچەی زیانبەخشی لەم جۆرە دەدۆزێتەوە ئەگەر بێتوو دەرچەی بێزیان لە بەردەست نەبن بۆ هاتنە دەرەوە لێی. ئەو دەرچە بێزیانانە لە وەزشدا ئامادەیییان هەیە و، لە سیاسەتیشدا هەن ئەوەندەی کە لە چوارچێوەی بەندە دەستورییەکاندا بپارێزرێت. بەڵام ئەمانە بەس نین، بەتایبەت ئەو جۆرە سیاسەتەی کە پڕ جۆشترینە لە هەمان کاتدا زۆرترین زیان دەبەخشێت. ژیانی مەدەنیی هەمو پێکەوە یەکجار بەرەو نەرمی گەشەیکردوە و، ئەگەر بڕیاربێت جێگیر بێت، دەبێت دەرچەی بێزیان ئامادە بکرێ بۆ ئەو جوڵانەی ناخمان کە باووباپیرانی دوورمان لەڕێی راوەوە پێی تێر بوون. لە ئوسترالیا، ئەو شوێنەی کە خەڵک کەمە و کەروێشک زۆرن، تەماشای ئەو خەڵکە ئاسایییەم کرد کە ویستە سەرەتایییەکانی خۆیان بە ڕێگا سەرەتاییەکانی بە کارامەیی کوشتنی هەزاران کەروێشک هەیانبو تێردەکرد . بەڵام لە لەندەن یان نیو یۆڕک دەبێت هۆکاری دیکە بدۆزیتەوە بۆ ئەوەی ئەو حەزە سەرەتایییانە تێربکەیت. وا بیردەکەمەوە کە هەمو شارێک دەبێت تاڤگەی دەستکردی تێدا بن تا خەڵک تێیاندا بە بەلەمی بچکۆلە کە ئاسان بشکێ خۆیان بخەنە خوارەوە تیایدا، هەروەها هەق وایە مەلەوانگەیان تێدا بێت و پڕ بن لە قڕشی میکانیکیی. هەرکەسێک بینرا کە پشتیوانیی لە شەڕێک دەکات کە شەڕەکە پێویست نەکا ئەنجام بدرێ، پێویستە دو سەعاتان لە رۆژێکدا بخرێتە ناو ئەو ئاژەڵە دڕندانە. بە جدیتر، هەقە خۆمان ماندوو بکەین بۆ ئەوەی کە دەرچەی بونیادگەرانە بدۆزرێنەوە بۆ دەربڕینی خۆشەویستیی خرۆشان. هیچ شتێک لە دونیادا لەو ساتە خۆشتر نییە کە دۆزینەوەیەک یان داهێنانێکی لەناکاو دەکەیت و، زۆر زیاتر خەڵک توانای ئەزمونکردنی ئەو ساتانەیان هەیە لەوەی کە زۆرجار بیریلێدەکرێتەوە.
دو سۆزی زۆر نزیکی یەکتر کە لەگەڵ زۆر لە پاڵنەرە سیاسییەکانی دی تێکهەڵکێشکراون هەن کە ئینسان بەداخەوە تووشیان دەبێ؛ مەبەستم ترس و رقە. زۆر ئاسایییە رقمان لەوە بێت کە لێی دەترسین، هەروەها زۆرجاریش ڕوو دەدا، بەڵام نەک هەمیشە، دەترسین لەوەی کە رقمان لێیەتی. وا بیردەکەمەوە ئەوە لەوانەیە بکرێ وەکو قانونێک لەناو ئینسانی سەرەتایی وەربگیرێت، کەوا ئەو مرۆڤانە لە هەمان کاتدا بترسن و رقیان لەو شتانەبێ کە ئاشنای نەبون. ئەوان مێگەلی خۆیان هەیە، لە بنەڕەتدا یەکێکی زۆر بچوک. لەناو یەک مێگەلیشدا هەمویان هاوڕێن، مەگەر لەناویاندا هەندێک بواری دوژمنایەتیی تایبەت هەبووێت. مێگەلەکانی دی دوژمنی راستەقینەن بۆیان یاخوود شایانی بوونە دووژمنیانن؛ کە تاکێکی یەکێک لەو مێگەلانە بەسودفە دادەبڕێت لە مێگەلەکە دەکوژرێت. مێگەلێکی بێگانە بەکۆ دەبێ خۆتی لێ لا بدەیت یان شەڕی لەگەڵ بکەیت بەپێی بارودۆخەکە. ئەوە ئەو جۆرە میکانیزمە سەرەتایییەیە کە هێشتا کاردانەوەکانی ناخمان لە بەرانبەر نەتەوە بێگانەکانکۆنترۆڵ دەکات. کەسێک کە هەرگیز گەشتی نەکردبێت هەمو بێگانەیەک بەو شێوازە دەبینێ کە وەحشییەک ئەندامێکی مێگەلێکی تر دەبینێت. بەڵام ئینسانێک کە گەشتی کردبێت، یان کە پەیوەندیی نێدەوڵەتیی خوێندبێت، ئەوەی بۆ دەرکەوتوە کەوا، ئەگەر بڕیاربێت مێگەلەکەی وی سەرکەوتو بێت، پێویستە تا چەند پلەیەک لەگەڵ مێگەلەکانی دی تێکەڵ ببێت. ئەگەر تۆ ئینگلیز بیت و کەسێک پێت بڵێت “فەڕەنسییەکان برای تۆن”، یەکەم هەستی ناوەکیی تۆ ئەوە دەبێت “قسەی پووچ. ئەوان شانی خۆیان هەڵداوێن و بە فەڕەنسیی قسەدەکەن. تەنانەت وام پێ گوتراوە کە ئەوان بۆقان دەخۆن.” ئەگەر ئەو بۆت رونبکاتەوە کە ئێمە پێویستە شەڕی روسەکان بکەین، وە ئەگەر بڕیاریش بێ ئەوە بکەین، ئەوا شتێکی ویستراوە و دەبێت بۆ بەرگریکردن لە هێلی راین [ڕووبارێکی دریژە لە ئەوروپا]، وە ئەگەر هێڵی راین پێویست بێت بەرگریی لێ بکرێت، ئەوا هاوکاریی فەڕەنسییەکان پێویستییەکە، ئەوکات دەستدەکەیت بەوەی تێبگەی کە ئەو پێتدەڵێت فەڕەنسییەکان برای تۆن مانای چییە. بەڵام ئەگەر هاوسەفەرێک بەردەوام بێت و پێت بڵێت کە روسەکانیش برای تۆن، ئەوکات ناتوانیت دنەت بدات، مەگەر بتوانێت ئەوەت بۆ رونبکاتەوە کە ئێمە لەژێر هەڕەشەی هێرشی خەڵکی سەر مەریخداین. ئێمە ئەوانەمان خۆشدەوێن کە رقیان لە دوژمنەکانمانە و، ئەگەر دوژمنمان نەبن زۆر کەم خەڵک دەمێنێتەوە کە ئێمە خۆشماندەوێن.
هەمو ئەوانە، لەگەڵ ئەوەشدا، تا ئەو کاتە راستن کە ئێمە بەتەواوی خۆمان خەریک بکەین بە هەڵسوکەوتمان بەرانبەر مرۆڤەکانی دی. تۆ لەوانەیە خاک وەک دوژمنی خۆت تەماشابکەیت لەبەرئەوەی زۆر کەم هۆکاری مانەوەی ژیان بەرهەمدێنێت. تۆ لەوانەیە دایکە سروشت بە گشتیی وەک دوژمنی خۆت دابنێیت و، وا خەیاڵ بکەیت کە ژیانی ئینسان تێکۆشانێکە بۆ زاڵبوون بەسەر سروشتی دایکدا. ئەگەر ئینسان بەو جۆرە ژیانی بینیبوایە، هاوکاریی تەواوی بەشەرییەت ئاسان دەبو. هەوەها ئاسان دەتوانرێت ئەو بینینە بۆ ژیان لای ئینسان دروستبکرێت ئەگەر قوتابخانەکان، رۆژنامەکان و سیاسەتمەداران بۆ ئەو ئامانجە خۆیان تەرخانبکردبوایە. بەڵام قوتابخانەکان بۆ فێرکردنی نیشتیمانپەروەرێتیین؛ رۆژنامەکان بۆ دنەدانی خرۆشان و؛ و سیاسەتمەداران ئامانجیان دوبارە هەڵبژاردنەوەیە. هیچ لەم سێیانە، کەواتە، ناتوانن هیچ بکەن بۆ رزگارکردنی بەشەرییەت لە خۆکوشتنی جووتلایەنە.
دو رێگا هەن بۆ زاڵبون بەسەر ترسدا: یەکێکیان ئەوەیە کە هەڕەشە دەرەکییەکان لەناوببەیت و، ئەوەی تر ئەوەیە کە خۆت لەسەر فەلسەفەی ڕەواقیەت [ستۆیسیزم] ڕا بهێنیت. ئەوەی دوەمیان دەتوانرێت بەهێزتر بکرێت، بێجگە لەو کاتەی کە کاردانەوەی راستەوخۆ پێویستییەکە، ئەویش بە دورخستنەوەی فیکرەکانمان لە هۆکارەکانی ترس. سەرکەوتن بەسەر ترسدا گرنگییەکی لە رادە بەدەری هەیە. ترس لە خۆیدا بێنرخکەرە، بە ئاسانی دەتوانێت ببێتە هۆی ئالوودەبوون پێیوەی، وا ئەکا رق لەوەی کە لێی دەترسێیت بەرهەم بێت و، ڕاست و ڕێک دەبێتە هۆکاری بێڕەحمی لەڕادەبەدەر. هیچ شتێک هێندەی ئارامیی (سەلامەتی) سوودبەخش نیە بۆ ئینسان. ئەگەر سیستەمێکی جیهانیی دروستبکرێت کە ترس لە شەڕ نەهێڵێت، گەشەکردن لە عەقڵی رۆژانەی خەڵک زۆر زەبەلاح و خێرا دەبێت. لە ئێستادا ترس جیهانی داپۆشیوە. بۆمبی ئەتۆمیی و بۆمبی بەکتریایی، لەلایەن کۆمیونیستی ترسنۆک یان سەرمایەداری بەدکار جا هەرکامێکیان بن، لە ئێستادا بوونەتە هۆی ئەوەی واشنتن و کرێملن بلەرزێنن و ئینسان زیاتر بەرەو کونێکی تاریک ببەن. ئەگەر بڕیار بێت شتەکان باشتر ببن، یەکەم و گرنگترین هەنگاوێک دۆزینەوەی رێگایەکە بۆ لەناوبردنی ترس. ئەمڕۆ جیهان مودمین بوە بە ململانێی ئایدیۆلۆجییە نەیارەکان و، یەکێک لە هۆکارە دیارەکانی ململانێکان حەزە بۆ بردنەوەی ئایدیۆلۆجیی ئێمە و تێكشکاندنی ئەویدی. وا بیر ناکەمەوە کە پاڵنەری بنەڕەتیی لێرە هیچ پەیوەستییەکی لەگەڵ ئایدیۆلۆجییەکاندا هەبێت. وا بیردەکەمەوە ئایدیۆلۆجییەکان تەنها رێگایەکن بۆ گروپبەندکردنی خەڵک و، ئەوهەست و سۆزانەی بەرپرسیارن لەمە تەنها ئەوانەن کە هەمیشە لەنێوان گروپە نەیارەکانەوە دروست دەبن. بێگومان زۆر هۆکار هەن بۆ ڕقلێبونەوە لە کۆمیونیستەکان. یەکەم و پێشی هەمویان، ئێمە بڕوامان وایە کە ئەوان خۆزگە دەخوازن بۆ ئەوەی سامانمان لێبستێنن. خۆ سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ دزەکانیش ناڕێکین بەڵام لە راستییدا هەڵسوکەوتمان بەرانبەریان زۆر جیاوازە لە هەڵسوکەوتمان بەرانبەر کۆمیونیستەکان-بە شێوەیەکی سەرەکیی لەبەرئەوەی بە هەمان پلە ترسمان لەسەر دروستناکەن. دوەم، رقمان لە کۆمیونیستەکانە لەبەرئەوەی ئەوان بێدینن. بەڵام چینییەکان لە سەدەی یازدەهەمەوە بێدینن و تەنها ئەوکاتە رقمان لێیان هەڵسا کاتێک چیانگ کای-شێک [سەرۆکی کۆماری لە 1928-1975] تیایاندا دەرکەوت. سێیەم، ئێمە رقمان لە کۆمیونیستەکانە چونکە بڕوایان بە دیموکراسیی نییە، بەڵام ئەوە هەرگیز هۆکارێک نەبوە بۆ رقلێبون لە فڕانکۆ. چوارەم، رقمان لێیانە لەبەرئەوەی ئەوان رێ بە ئازادیی نادەن؛ بۆ ئەمەیان ئەوەندە بە توندی گرتوومانە، کەوا بڕیارمانداوە لاسایییان بکەینەوە. ئەوە رونە کە ئەوانە بناغە راستەقینەکەی رقی ئێمە نین. ئێمە رقمان لێیانە چونکە لێیان دەترسێین و ئەوان ئەمان ترسێنن. ئەگەر بهاتبوایە و روسەکان هەر پابەندبوان بە دینی ئۆڕثۆدۆکسی گریکیی، ئەگەر حوکمڕانیی پارلەمانییان دامەزراندبوایە و، میدیایەکی بەتەواوی ئازادیان هەبوایە رۆژانە سوکایەتییان بە ئێمە بکردبوایە، ئەنجا – هێشتا سوپایەکیان هەبوایە ئەوەندەی ئەوەی ئێستایان بەهێزبایە- هێستا هەر پێویست بو رقمان لێیان بێت لەبەرئەوەی نیشانیانداوین کە لە ئەرزی واقیعدا دەتوانن دووژمنمان بن.
بێگومان رقی دینیی هەیە و دەتوانرێت هۆکارێک بێت بۆ دوژمنایەتیی. بەڵام وای بۆ دەچم ئەوە سێبەری هەستی مێگەل بێت: ئەو ئینسانەی تێروانینی دینیی جیاوازی هەیە هەست بە نامۆیی دەکات و، هەرچییەکیش نامۆ بێت دەبێت مەترسیدار بێت. لە راستییدا، ئایدیۆلۆجییەکان رێگایەکن کە لەڕێیانەوە مێگەل دروستدەکرێت و، سایکۆلۆجیاکەش هەمان شتە بەهەر شێوازێک مێگەلەکە دروستکرابێت.
لەوانەیە وا هەستبکەیت کە من تەنها باسم لە پاڵنەرە خراپەکان کردوە، یان، لە باشترین دۆخدا، ئەوانەی کە لەڕوی ئەخلاقییەوە بێلایەنن. بەداخەوەم، ئەو پاڵنەرانە وەک قانونێک بەهێزترن لە پاڵنەرە خۆنەویستەکان، بەڵام ئەوە رەتناکەمەوە کە پاڵنەرە خۆنەویستەکانیش هەن، لەوانەشە لە هەندێک بۆنەدا کاریگەر بن. بێگومان توڕەیی دژ بە کۆیلایەتیی لە ئینگلاند لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەم زۆر خۆنەویستانە بو و، زۆریش کاریگەر بو. یارمەتیدەربوونی خۆنەویستی لە ساڵی ١٨٣٣ سەلمێندرا کاتێک باجدەرە بەڕیتانییەکان ملیۆنانیان بەخشییە خاوەن زەوییە جامایکییەکان وەک قەرەبوکردنەوە لە بەرانبەر ئازادکردنی کۆیلەکانیان و، هەروەها بەو راستییەی کە لە کۆنگرێسی ڤیەننا حکومەتی بەریتانیا خۆی ئامادەکردبو بۆ تەنازولی زۆر تا نەتەوەکانی دیش بازرگانیی کۆیلە قەدەغەبکەن. ئەوە نمونەیەکە لە رابردودا، بەڵام لە ئەمڕۆدا ئەمریکا نمونەی وای بەخشیون کە وەک نمونەکەی پێشو دیارن. ناچمە ناو باسکردنی ئەوانە، چونکە نامەوێت لەناو مشتومڕەکانی ئەمڕۆدا چەق بخۆم.
وا بیردەکەمەوە ناتوانرێت پرسیار لەوە بکرێت ئایا هاوسۆزیی پاڵنەرێکی ڕاستەقینەیە، یان ئەوەی کا ئایا هەندێک کەس لە هەندێک ساتدا تا رادەیەک بە ئازاری ئەوانی دی ناڕەحەت دەبن. ئەوە هاوسۆزییە کە زۆر لە پێشکەوتنە ئینسانییەکانی لە سەد ساڵی رابردودا بەگەڕخستون. ئێمە توشی شۆکدەبین کاتێک چیرۆکی مامەڵکردنی خراپ لەگەڵ ئەوانە دەبیستین کە نەخۆشیی دەرونییان هەیە و، ئێستا ژمارەیەکی زۆر شوێنی مانەوە هەیە کە بەخراپیی مامەڵەیان لەگەڵدا ناکرێت. زیندانییەکان لە زیندانەکانی وڵاتانی رۆژئاوایی نابێت ئازاربدرێن و، کاتێک ئازاردەدرێن، هەرایەکی گەورە دروستدەبێت ئەگەر راستییەکان ئاشکرابکرێن. ئێمە قبوڵی مامەڵەکردنی بێ دایکوباوکان ناکەین وەک ئەو جۆرەی کە لە چیرۆکی ئۆلڤیەر تویستدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. وڵاتانی پڕۆتێستانت دژ بە دڵڕەقیین بەرانبەر گیانلەبەران. لە هەمو ئەمانەدا هاوسۆزی لەڕوی سیاسییەوە کاریگەر بوە. ئەگەر ترسی شەڕ نەبوایە، کاریگەرییەکەی زۆر گەورەتر دەبو. لەوانەبو باشترین هیوا بۆ داهاتوی بەشەرییەت ئەوە بێت کە چەند رێگایەک بدۆزرێنەوە بۆ زیادکردنی چڕیی هاوسۆزیی.
ئیتر کاتی ئەوەیە گفتوگۆکەمان کورت بکەینەوە. سیاسەت زیاتر گرنگیی دەدات بە مێگەل نەک تاکەکان، کەواتە ئەو سۆزانەی لە سیاسەتدا گرنگن ئەو سۆز و هەستانەن کە زۆربەی ئەندامانی مێگەلێکی دیاریکراو بە هەمان شێوە هەستیپێدەکەن. ئەو میکانیزمی ناوەکیی گشتییانەی کە کارتێکەرە سیاسییەکانی لەسەر دامەزراوە ئەوەیە کە دەبێت هاوکاریی لەناوخۆی مێگەلدا هەبێت و دڵڕەقییش بەرانبەر مێگەلەکانی دیکە هەبێت. هاوکاریی لەناو مێگەلدا هەرگیز تەواو ڕێک و پێک نییە. ئەندام هەن لەناو مێگەلدا کە لەڕوی مانای وشەناسی (ئێتیمیلۆجییە)وە ئەوترێ دژەباون، ئەوە مانەی ئەوەیە کە هەمیشە لە دەرەوەی مێگەلن. ئەو ئەندامانە ئەوانەن کە کەوتونەتە خوارەوە، یان سەرەوەی خەڵکی ئاسایی. ئەمانە ئەگرێتەوە: گەمژەکان، تاوانبارەکان، پێغەمبەرەکان و داهێنەرەکان. مێگەلی ژیر لەو جۆرە کەسانە دەبەخشێت کە کەوتونەتە سەرەوەی تێكڕاکە و بە کەمترین رەقییش مامەڵە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە کەوتونەتە خوارەوە.
دەربارەی پەیوەندیی لەگەڵ مێگەلەکانی دی، تەکنیکی مۆدێرن ململانێیەکی بەرهەمهێناوە لەنێوان بەرژەوەندیی-خۆییی و غەریزەدا. لە کۆندا، کاتێک دو عەشیرەت دژی یەک شەڕیان دەکرد، یەکێکیان کۆتایی بەوی دیکە دەهێنا و خاکەکەی دەخستە سەر خاکەکەی خۆی. لە ڕوانگەی لایەنی سەرکەوتوەوە، تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە زۆر رازیکەر بو. کوشتن هەرگیز گرانبەها نەبو و، خرۆشانەکە جێی لێ رازیبون بو. ئەوە جێی سەرسوڕمان نییە، لەو دۆخانەدا، شەڕ بەردەوام دەبو. بەداخەوە، ئێمە هێشتا خاوەنی جۆرە سۆزێکین کە لەگەڵ ئەو جۆرە شەڕە سەرەتاییانەدا دەگونجێت، لە کاتێکدا ئۆپەراسیۆنە حەقیقیەکانی شەڕ بەتەواوی گۆڕاون. کوشتنی دوژمن لە شەڕی مۆدێرندا زۆر ئۆپەراسیۆنێکی گرانبەهایە. ئەکەر بینیە پێش چاوی خۆت کە چەند ئەڵمانیی کوژران لە دوا شەڕدا و، سەرکەوتوەکان چەندە باجیان داوە لە داهاتی ئەو سەرکەوتنەیان [لە بەریتانیا هەموو قازانجێک باجی ئەبێ لێ بدرێت]، تۆ دەتوانی، بە کۆی داهاتەکە و دابەشکردانی بەسەر ژمارەی کوژراوەکاندا، دەتوانی بزانی کوشتنی ئەڵمانێک چەندی تێچوە، دەتوانی ئەوەش بزانی کە تێچونی ئەڵمانییەکی مردو زۆر گران بوە. لە رۆژهەڵاتدا، راستە، دوژمنەکانی ئەڵمانەکان قازانجە دێرینەکانی خۆیان مسۆگەرکردوە بە بەکارهێنانی دانیشتوانە تێكشکاوەکان و داگیرکردنی خاکیان. لەگەڵ ئەوەشدا، براوە رۆژئاوایییەکان لەو جۆرە قازانجانەیان بەدەستنەهێناون. ئەوە ڕونە کە شەڕی مۆدێرن بزنسێکی باش نییە لە روانگەی دارایییەوە. هەرچەندە هەردو شەڕی جیهانییمان بردنەوە، ئێستا ئێمە دەوڵەمەندتر دەبوین ئەگەر هیچ کام لە شەڕەکان ڕویان نەدایە. ئەگەر ئینسان بە ڕاستی پەیوەست بوایە بە بەرژەوەندیی خۆیەوە، کە لە ڕاستیدا وانین – تەنها لە حاڵەتی چەند زاهیدێکی کەمدا نەبێت – ئەوا تەواوی بەشەرییەت دەبوایە هاوکاریی یەکتریان بکردایە. چیتر شەڕ نەدەبو، چیتر سوپا نەدەبو، سوپای دەریایی نەدەبو و چیتر بۆمبی ئەتۆمیی نەدەبو. هیچ سوپای پڕۆپاگەندەکاران نەدەبو کە بۆ ژەهراویکردنی مێشکی نەتەوەی A دژی نەتەوەی B دامەزرێنراون و، بەپێچەوانەوەشەوە. هیچ سوپایەکی بەرپرسیاران نەدەبو کە لەسەر سنورەکانەوە کتێبی بیانیی و بیری بیانیی قەدەغەبکەن و رێبگرن لە هاتنەوەوەی وڵات، هەرچەندە نایابیش بن. هیچ جۆرە گومرگ و قەدەغەیەکیش لەسەر کەلوپەلەکان نەدەبو بۆ دڵنیای دان بە بزنس و دەستپێشخەریی بچوک لە کاتێکدا ئەگەر یەک دانەی گەورە هەبوایە لە ڕووی ئابوریەوە باشتر ئەبو. هەمو ئەم شتانە زۆر بەخێرایی دەهاتنە دی ئەگەر مرۆڤ حەزی لە خۆشبەختیی خۆی بوایە هێندەی حەزی لە بەدبەختکردنی دراوسێکانیەتی. بەڵام تۆ پێمدەڵێی، ئەو خەونە یۆتپیایییانە بە کەڵکی چی دێن؟ [نامەفهوم]ئەخلاقییەکان ئەوە دەزانن کە ئێمە بەتەواوی خۆپەرست نابین و، تا دەگەینە چەرخی نوێ ئەوە مەحاڵ دەبێت.
١١ی کانونی یەکەم ١٩٥٠