کوردایەتی چیە؟

کوردایەتی، بە مانا گشتیەکەی نەتەوایەتی، لە ئەڵمانیا و بەریتانیاوە سەری هەڵدا. ناچمە ناو مێژوەکەی، ئەوەی کە بێرتراند ڕەسڵ بە “شێتخانە”ی ئەوروپا ناوی ئەبات. کارم بەسەریانەوە نیە. هەموومان ئەزانین نەتەوایەتی یانی چی. بە کورتی یانی جیاکردنەوەی نەتەوەیەک لەسەر بنەمای زمانەکەی یاخود جوگرافیایەک کە لەدوای ماوەیەک یان سەردەمێکی دیاری کراوەوە (یان وردە وردە) جیاکرابێتەوە لە دەوروبەری. وە هەروەها فەرهەنگی ئۆکسفۆرد یەکێ لە پێناسەکانی نەتەوایەتی = nationalism ئەڵێ “جۆرێک لە نیشتیمانپەروەریی توند بە هێمایەکی هەستی خۆ بە گەورەتر زانین لە وڵاتانی تر”. گرنگە بزانین هەم فەرهەنگە ئینگلیزیەکان، هەم ئەڵمانیەکان چۆنی پێناسە ئەکەن. هەم لەبەر ئەوەی لەوێوە سەری هەڵدا هەم لەبەر ئەوەی لە مێژوی بەشەریەتدا، گەورەترین قەتڵ گەر بەناوی نەتەوایەتیەوە نەکرابێ، یەکێ لە گەورە قەتڵ و عامەکان بەناوی نەتەوایەتیەوە کراوە.

بەڕای من پێناسەکەی ئۆکسفۆرد پێناسەیەکە گونجاوە بۆ ئەم کورتە باسەی من لەوەی بچم نەرمی بکەمەوە و پاساوی بۆ بهێنمەوە. چونکە لە ڕاستیدا خۆی داگیرکردنی پارچە زەویەک و چەن وشەیەک لە دەمی چەن کەسێک هاتبێتە دەرەوە نە ئەتکا بە گرنگتر لە کەسی تر، نە ئەشتوانی هیچ ئالەتێکت دەستکەوێ خۆت بە باشتر لە کەسی تر دروست بکەیت. جگە لەمەش کابرای بەرامبەریش هەمان هەستی هەیە و بە هەمان چەن وشە و پارچە زەویەکی تر.

بۆیە کوردایەتی پێویستی بەوەیە لەو چوارچێوەیەدا پێناس بکرێت. کاتێک تاکێکی کورد خۆی بە باشتر لە کەسێکی تر ئەزانێ هەقی خۆیەتی، بۆچی؟ چونکە لەو کەسەی ترەوە فێربوە کە ئێستا پێی ناخۆشە ئەم هەستەکەی ئەوی هەبێت، مەبەستم ئەوەیە لە بابایەکی ئەڵمانەوە فێر بوە کە ئێستا لانی کەم وانیشان ئەدەن کە ئەو هەستەیان تێدا نەماوە. کەوابێت ناکرێ بە کابرای کورد بوترێ، نا کاکە تۆ وەک ئەوان مەبە، یاریەکە خۆی ئەوە پێناسەکەیەتی، قەراربێت یاری بکەین ئەبێ بەپێی یاساکانی یاریەکە یاری بکەین. خۆ ناکرێ بڵێین کوردایەتی واتە خۆشەویستی نەتەوەی کورد بە ناسک و نەرمی بەڵام نەتەوایەتی فڵان پێناسەکەی ئۆکسفۆردە.

کەواتە کوردایەتی چیە؟ کوردایەتی وەک عەرەبایەتی، تورکایەتی، فارسایەتی، ئینگلیزایەتی هەتا کۆتایی، ئەبێ لە ناو پێناسەکەی سەرەوەدا “کۆپی پەیست بکەی لە جێگای وشەی “خۆ” و بڵێین “جۆرێک لە نیشتیمانپەروەریی توند بە هێمایەکی هەستی ‘کوردستان’ بە گەورەتر زانین لە وڵاتانی تر“. بۆیە ناسک کردنەوەی و سەروچاو گۆڕینی تەنها دڵی خۆت خۆش ئەکات. ئەمە ڕەخنەگرتن نیە، ئەمە وەڵامی پرسیارەکەیە. کوردێک وەک هەموو کەسێکی تر وڵاتەکەی خۆی لە هەموو جێگایەکی تر خۆشتر ئەوێت.

لە ڕاستیدا ئەگەر زیاتر لەسەری بڕۆین ئەبێ ترش و خوێی تریشی پێدا بکەین. بۆ نمونە: لەبەر ئەوەی ئێمە “قڕە”ی باخڵ پڕ لە خەم و خەفەتین (قڕە لەوەی ببینە خاوەن وڵات و سیستمی ئیدارەی کوردی)، وە هەروەها لە ناو ڕۆژهەڵاتیەکانیشدا کە تەواوی ژیانمان “توند” و هیچ هێمایەکی “ناوەڕاست” یان “وەسەت”ی تیا نیە، ئەکرێ تۆزێکیش لە خەڵکی تر زیاتر وڵاتی خۆمان خۆش بوێت و بە دوای ئەسڵ و فەسڵیدا بگەڕێین. “لەبەر”ەکانی تریش ئیتر خۆی بەدوایدا دێت.

جگە لەمانەش ترش و خوێکە دەری ئەخات کەوا ئێمە لە فارس، عەرەب وە تورکیش دواکەوتووترین چونکە ئێمە تەنها مودیری دایرەکە غەدری لێ نەکردوین بەڵکوو کابرای سەرپەرشتیاریش جارێکی تر ئەوەی مودیر سەپاندویەتی ئەم زەڕبی ٢ و زیاتریشی کردوە و سەپاندوویەتیەوە بەسەرماندا. لەم کاتەدا کوردایەتیەکە ئەوەندەی تر “کاڵ/تۆخ” بۆتەوە لەبەر ئەوەی هەندێ بە ناچاری تەواو وازیان لە زمانەکە هێناوەو خۆیان داوەتە دەست تینی قایمی “شێت”ەکانی تر و هەندێکیش بە گڕەکە ئەوەنەی تر داگیرساون. لە هەموو حاڵەتێکیشدا زەڕەیەک لۆجیک نیە بۆ ئەوەی کە بۆچی ئا بەوشێوە “کوژاوینەتەوە” یان “سور داگیرساوین” چونکە خۆی “نەتەوایەتی” بە گشتی هیچ مەنتیقێکی تیا نیە و هەموو “هەستێک” وای لێکردوون خۆیان بە گەورەتر بزانن لە خەڵکی تر.

ئا لەم ڕوانگەیەوە، زۆر شتی تر ڕوون ئەبێتەوە. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە پێشمەرگە ئەیکات و سەرۆک ئەیخوات. ئێمە تەنها خەڵک نین کە بە بازوی کۆمەڵێک کەسێک ئەناسرێت و دوایی لەناکاو ئەبێتە ڕاوێژکار/موستەشار. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە ناوچەیەکی قات و قڕ ئەکرێت و پایتەختەکەی ڕا ئەبوێرێت. ئێمە تەنها نەتەوە نین کە کوڕی ئەریستۆکرات، جاشێک یان کۆنەدزێک فێری حەوت زمان ئەبێت و خەڵک دوای ئەکەون.

وە ئا لێرەشدایە مەبەستی نوسینی ئەم کورتە بابەتەی من بە جوانی دەر ئەکەوێت. چاندنی تۆوی کوردایەتی لەلایەن سەرۆکە کوردەکان، سەرپەرشتیارە ناوخۆییەکان تا ئەوپەڕی پێناسەکە کاری لەسەر ئەکرێت، چونکە تا خەڵک زیاتر خۆی بە کوشت بدا بۆ کورد و کوردستان ئەوان چاکتر ئەتوانن دەسەڵات لە مودیرەکە وەرگرن و خۆیان ببن بە مودیر.

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s