وەک لە نوسینەکانی پێشتردا وتومە، بەڵێ پێم خۆشە بنوسم و بخوێنمەوە بەڵام لە بێکاریدا نایکەم. مەبەستم هەیە لەوەی فێری ئەبم و خوێنەریش فێر بکەم. یەکێ لە بابەتە گرنگەکانیش خۆشگوزەرانیمانە. بە تایبەت ئێمە کە لە کۆمەڵگایەکداین بۆ وشەیەکی دروست ئەبێ زمانێکی تر فێر بین. یەکێ لەو بابەتانەش کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە خۆشی مرۆڤەوە هەیە ڕای دەوروبەرەکەیەتی، لە نێو ئەوانەشدا ڕای گەورەکان بە تایبەتی دایک و باوک.
ڕەسڵ لە کتێبی “سەرکەوتن بەسەر خۆشیدا”، بەشی “ترس لە ڕای گشتی”دا ئەڵێ:
“لە کاتێکدا جێگای خواستە کەوا ڕێز لە پیرەکان بگیرێ، دەربارەی ویستی گەنجەکان، پێویست ناکات گەنجان ڕێزی خواستەکانی پیرەکان بگرن. هۆکارەکە سادەیە، ژیانی گەنجەکان گرنگترە لە پیرەکان. کاتێ گەنجان بیانەوێ ژیانی پیرەکان ڕێک بخەن، بۆ نمونە کاتی ڕێگری بکەن لەوەی پیرێک ژن بهێنێتەوە، هەمان ئەو هەڵيیە ئەکەن کەوا پیرەکان ئەیکەن کاتێ هەوڵ ئەدەن ژیانی گەنجەکان ڕێک بخەن. گەنج و پیر وەک یەک، کاتێ هەریەکە گەشتنە تەمەنی شایانی ڕێز، ئیتر هەقی هەڵبژاردنی خۆیان هەیە، ئەگەر پێویستیش بکا هەقی هەڵەکردنی خۆشیان هەیە.
گەنجان هەڵە ئامۆژگاری کراون ئەگەر بچنەژێر فشاری پیرەکان لە هەر بابەتێکی گرنگدا.
با وادانێین، تۆ کەسێکی گەنجیت و ئارەزوت هەیە بچیتە سەر شانۆ، وە دایک و باوکت دژت ئەوەستنەوە، لەسەر بنەمای ئەوەی کە سەرشانۆ بێ ڕەوشتانەیە یان لەسەر بنەمای ئەوەی کە بۆ جێگای کۆمەڵایەتیت نزمە و باش نیە. ئەکرێ فشارێکی وا دروست بکەن کە ئەستەم بێ خۆڕاگرتن، ئەکرێ بڵێن حاشات لێ ئەکەین ئەگەر بەگوێمان نەکەی، ئەکرێ بڵێن کەوا تۆ بە دڵنیاییەوە پەشیمان ئەبیتەوە لەمە لە داهاتوودا، ئەکرێ نمونەی وا ترسناکت بۆ بهێننەوە کە گەنجان لە پەلەپەلدا کردویانە وەک ئەوەی تۆ ئەتەوێ بیکەیت و لە کۆتایشدا ئەنجامێکی خراپی هەبوبێت. ئەکرێ لە ڕآستیدا لەسەر هەقیش بن کەوا چوونە سەرشانۆ بۆ تۆ نەبێت؛ ئەکرێ لەڕاستیدا توانای نواندنت نەبێت، وە یان دەنگێکی ناخۆشت هەبێت. ئەگەر ئەمە وابێت، خۆی دەر ئەکەوێت بۆت لەلایەن ئەو کەسانەی شانۆکارن، وە ئەو کاتە خۆت ناچآر ئەبیت و ئاسان ئەبێ کە ڕێگایەکی تری پیشە هەڵبژێریت. ڕاو بۆچوونەکانی دایک و باوکت نابێ هۆکاری تەواوبن بۆ ئەوەی تۆ واز لە هەوڵەکەت بهێنیت. ئەگەر، سەرباری ئەوەی ئەوان ئەیڵێن تۆ بەردەوام بویت لە نیەتەکەت، ئەوان زۆر زووتر لەوەی تۆش و خۆشیان بۆی ئەچن دێنەوە لات. بەڵام ئەگەر لە لایەکی ترەوە بینیت کەسانی پسپۆڕیش ڕایان ساردکەرەوەیە لەکارەکەتدا، ئەوە بابەتێکی ترە، چوونکە ڕای پسپۆڕان بۆ کەسانی دەستپێکەر هەمیشە ئەبێ بەڕێزەوە سەیر بکرێت.
بۆیە هەست ئەکەم بە گشتی، جگە لە ڕای پسپۆڕان، ڕێزێکی زیاد لە پێویست ئەگیرێ لە ڕای خەڵکانی تر، لە شتانی گرنگ و بچوکیشدا. مرۆڤ ئەبێ بیکا بە یاسا، ڕێز لە ڕای خەڵکی تەنها لە کاتێکدا بگرێت کە مەسەلەکە برسێتی یان بۆ خۆلادان بێ لە چوونە زیندان، هەر شتێ لەوانە بەدەر بێت تەسلیم بوونێکی خۆویستانەیە بە ستەمێکی ناپێویست، بۆی هەیە کاریگەری هەبێت لەسەر خۆشگوزەرانی بەجۆرەها شێوە.”
کۆتایی وەرگێڕان.