شێتێتی چەوساندنەوە – ٣

بەشی یەکەم لەم بەستەرەوە، بەشی دوەمیش لێرەوە بخوێنەوە

ڕەسڵ زیاتر لەسەر بابەتەکەی بەشی دوەم ئەڕوات و نمونەی کابرایەکی سیاسی ئەهێنێتەوە کە بە پێویستی نازانم وەری بگێرم. فەرموو بەردەوام بین لە دوای ئەوەوە

“ئەم وێناکردنانە پێشنیاری چوار پایە ئەکەن، کە ئەبنە هۆی ڕێگری کردن لە شێتێتی چەوساندنەوە ئەگەر ماناکەیان بەڕاستی و تەواوی وەربگیرێن. یەکەمیان: بیرت بێ کەوا نیەتت ئەوەندە خۆنەویستانە نیە کە وادیارە لای خۆت. دوەمیان: تواناکانی خۆت زیاد لە ڕادە گەورە مەکە. سێیەمیان: چاوەڕێی ئەوە مەبە خەڵکی هێندە خۆت خۆتت لاگرنگە ئەوانیش وابن بۆت. چوارەمیشیان: وا تەسەور مەکەی زۆربەی خەڵکی ویستێکی تایبەتیان هەبێت بۆ ئەوەی تۆ بچەوسێننەوە. ئەنجا با یەک یەک چەن وشەیەک دەربارەی ئەم چوار پایەیە بڵێین یەک لە دوای یەک.

یەکەمیان:

گومان کردن لە نیەتی خۆت بە تایبەتی پێویستە بۆ کەسانێک کاری خێرخوازی و کارگێڕی ئەکەن، ئەم جۆرە کەسانە دیدێکیان هەیە کەوا جیهان، یان بەشێکی، ئەبێ چۆن بێت، هەندێ جار بەڕاستی و هەندێ جاریش بەهەڵە، ئەیانەوێ چاکەیەک ببەخشن بەسەر مرۆڤایەتی یان بەشێکیدا. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نازانن، کەوا ئەو کەسانەی ئەوان ئەیانەوێ یارمەتیان بدەن، هەر تاکێکیان مافی خۆیانە کە دیدێکیان هەبێ دەربارەی ئەو جۆرە جیهانەی خۆیان ئەیانەوێت. کابرایەک کە کارێکی کارگێڕی ئەنجام ئەدات، جۆرێکە لەو کەسانەی کە دڵنایە لەوەی دید و بۆچوونەکەی دروستە، ئەوەشی پێچەوانەی بێت نادروستە. بەڵام ئەو دڵنیاییە کەسییە (شخصی)یە هیچ بەڵگەیەکی بابەتیانەی تێدا نیە کە ئەو ڕاست بێت. زیادلەوەش، باوەڕەکەی زۆرجار تەنها شاردنەوەیەکە بۆ ئەو لەزەتەی وەری ئەگرێت لە بیرکردنەوە لەو گۆڕانکاریانەی ئەو بۆتە هۆکاری ئەنجامدانیان. زیاد لە ویستی دەسەڵاتیش نیەتێکی تریش هەیە، ئەویش پوچێتی، کە لە حاڵەتی وادا زۆر بەهێزانە بەکارە. ئەو کەسە ئایدیاڵیە مێشک فڕیوانەی ئەچنە پەرلەمان – لەمەیاندا بە تەجرەبەی خۆشمەوە قسە ئەکەم – ئەحەپەسێن کاتێ دەنگدەران وا هەست ئەکەن کابرا تەنها بۆ ئەوە خۆی هەڵبژاردوە کە لە دوای ناوەکەیەوە دوو پیتی M.P بنوسرێ [بە ئینگلیزی واتە ئەندام پەرلەمان]. کاتێ کێبڕکێکە کۆتایی دێت و ئەمیش کاتی ئەبێ تۆزێک بەخۆیا بچێتەوە، یەت بە خەیاڵیدا کە خۆ بەڕاست دەنگدەران ڕاستگۆ دەرچوون. بۆخۆی ئایدیالیزم نیەتی بچووک وا لێ ئەکات بەرگی سەیر و سەمەرە لەبەر بکات، لەبەر ئەوەشە کەوا کاتێ گومانێکی واقعبینانە بەهەدەر ناچێ لەلایەن خەڵکانی دەوروبەرەوە. ڕەوشتگەراییەکی تەقلیدی ئاستێک لە خۆنەویستی تەڵقین ئەکات کە دەگمەنە سروشتی مرۆڤ توانای هەبێت، وە ئەوانەش کە شانازی ئەکەن بەو بەهایانەوە وا دێ بە خەیاڵیاندا کە بتوانن ئەو خەیاڵە (ئایدیالە) کە قابیلی بە دەست هێنان نیە بەدەستی بهێنن.

زۆربەی هەرەزۆری بەڕێزترین مرۆڤەکانیش نیەتێکیان هەیە کە سودی بۆخۆیان هەیە، ئەمە هی ئەوە نیە پەشیمان بین لێی، چونکە ئەگەر بە پێچەوانەوە بوایە مرۆڤایەتی نەی ئەتوانی بەردەوام بێت لە ژیان.

پیاوێک بەردەوام خەریکی ئەوە بێ کە خەڵکانی تر نان بخۆن و ئاگای لە نانخواردنی خۆی نەمێنێت، تیا ئەچێت. ئەکرێ، بە دڵنیاییەوە، کەسێک ئەوەندە بخوات بۆ ئەوەی هێزی تێدا بێت لەبەردەوام بوون لە شەڕکردن دژی خراپە، بەڵام جێگای گومانە کە خواردنێک بەم نیەتەوە بخورێت بەجوانی هەرس بکرێت، چونکە ڕژانی لیک بەپێی پێویست ناوروژێنرێت. بۆیە باشترە کەوا مرۆڤ نان بخوات لەبەر ئەوەی لەزەتی لێ ببات لەبری ئەوەی ئەو کاتەی لەسەر نان خواردن سەرفی ئەکات لەبەر خاتری چاکەی گشتی بێت. ئەوەشی بەسەر خواردندا بچەسپێ بەسەر هەموو شتێکی تردا ئەچەسپێت. ئەوەی ئەکرێ ئەنجام بدرێ بە بڕێ لەزەتەوە ئەنجام ئەدرێت، لەزەتیش بەبێ هەستێکی سوود بەخۆ گەیاندن سەختە. لە بابەتی سوود بەخۆ گەیاندندا، لەم ڕوانگەیەوە، ئەبێ ئەو کەسانەشی تێکەم کە بەڕێگای بایۆلۆجی لە کەسەکەوە نزیکن، بۆ نمونە بۆهاتنی پاراستنی خێزان و منداڵ دژی دوژمن. ئەم بڕە لە خۆنەویستی بەشێکە لە سروشتی مرۆڤ، بەڵام ئەو بڕەی لە ڕەوشتی تەقلیدیدا تەڵقینکراوە نەخێر، زۆر دەگمەنیش بەدەست ئەخرێت. ئەو کەسانەی کە خوازیارن بۆچونی بەرزیان هەبێ دەربارەی کامڵیەتی ڕەوشتی خۆیان ئەبێ باوەڕ بەخۆیان بهێنن کەوا گەشتونەتە ئاستێکی خۆنەویستی کە بەڕاستی زۆر ئیحتیمالی کەمە کەوا بەڕاستی پێی گەشتبن، لەبەر ئەوەشە کەوا ئەو هەوڵەی خەڵک ئەیدا کە بگاتە ئاستی سەییدبوون بەستراوەتەوە بە خۆ هەڵخەڵەتاندنێک لەو جۆرەی کە زۆر بە ئاسانی بەرەو شتێێتی چەوساندنەوە ئەڕوات.”

کۆتایی وەرگێڕان.

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s