تەواوی نوسینەکانی ناگا بە وشەیەکی سۆران و سەردەشت

کاکە بەختیار عەلی بە دوور و درێژی ڕوونکردنەوەیەکی نارد، بەشی یەکەمی هیچ، بەشی دوەمی لام گرنگە چوونکە پێشتر باسم کردوە. بۆیە لێرەدا ئەو لەناو کەوانە منیش دەرەوەی کەوانە:

“دوا بەشی نوسینەکەم تەرخاندەکەم بۆ باسکردنی ڕۆژنامەی باس و نوسینەکانی من لەو ڕۆژنامەیەدا. “

فەرموو

“یەکەم: من نازانم بۆ دەبێت دەزگای پاراستن ڕۆژنامە دەربکات ؟ ئایا سی ئای ئەی و میتی تورکی و ئیتلاعاتی ئێران و موخابەراتی عێراقی ڕۆژنامە دەردەکەن ؟ ئیشی هەموو دەزگایەکی موخابەراتی لە دونیادا، وە ئیشی دەزگای پاراستن و دەزگای زانیاریی و دەزگا نهێنییەکانی تر لە کوردستان ئەوەیە گەر ڕۆژنامەیەک دەربچێت پیاو و سیخوڕی خۆیان بنێرنە ناو ئەم جێگایانە، هەڵبەت ئەم کارەشیانکردوە و لە هەموو جێگایەک و لە ناو هەموو کەناڵێکی میدیایی و لە تەواوی کون و کەلەبەری کۆمەڵگای ئێمەدا جاسوسی خۆیان چاندوە. من لە ڕۆمانی کەشتیی فریشتەکان بەرگی دووەمدا بەدرێژایی قسەم لە دروستکردن و ستراکتور و نیازی سایکۆلۆژی پشت ئەم جۆرە دەزگایانە کردوە.”

ئێستا نەمانزانی ئەیکەن یا نایکەن؟

“هیچ نوسەرێکی کوردی تریش نییە وەک من ئەدەبیاتی خۆی بۆ ئاشکراکردنی ڕووی ڕاستەقینەی ئەو دەزگایانە و ئەو مرۆڤانە تەرخانکردبێت کە لەو جۆرە دەزگایانە کاردەکەن، وە جگە لە ئەدەبیاتی من هیچ ئەدەبیاتێکی تر نییە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی باسکردنی پەیوەندی ئەمجۆرە دەزگایانە بێت بە کایەی میدیاوە، وە هیچ نوسەرێکی تریش نییە وەک من دەنگی بڵندی دژ بەمە بەرزکردبێتەوە. “

یەک چارەکت ماوە بۆ حەمە سەعید حەسەن، دیارە شێرکۆ بێکەس پێی وتی تۆ خوایت، تۆش باوەڕت کرد. ئەوی ئاوا قسەی کرد، لەخۆی بایی بوە و هەموومان بگەیەنیتە بەهەشتیش جەهەننەم خۆشترە.

“بۆیە ئەو کەسانەی ئەمجۆرە موزایەدە هەرزانانە دەکەن، خەڵکانێکن دێڕێکی منیان بە دروستی نەخوێندۆتەوە، نازانن و هەرگیزیش ناتوانن بزانن لە نوسین و ئەدەبیاتی مندا چ باسە.”

ئاخر

“ئەمە نە کێشەی ڕۆژنامەی باسە بە تەنیا و نە کێشەی کەناڵێکی دیاریکراوە، بەڵکو کێشەی هەموو دونیای کورد و هەموو میدیای کوردییە.”

تخوا؟ بۆ کاکە شێتخانەیە و جەنابت تەنها پزیشکی دەروونیت؟ ئەی خۆ تۆش بەشێکی لە باس، نوسینەکانت لەوێن ئەگەر حەزەکەی فەلسەفیانە قسە بکەین. ئەی نوسینەکانی تۆ بەشێک نین لەو کێشانە؟

“ستراتیژی پاراستن و دەزگای زانیاریی ئەوە نییە ڕۆژنامە دەربکەن ئەوەیە لە هەموو جێگایەک و سوچێکی کۆمەڵگای ئێمەدا ئامادەبن و پیاوی نهێنی خۆیان بچێنن و دەستی ژێرەوانکێیان خۆیان بخەنەکار .”

تخوا؟ ئەمە لە کەیەوە ئاوا ستراتیژی پاراستن ئەزانیت؟ لەسەرەوە ئەپرسیت و دوایی ئەڵێی من تەنها دەنگی بڵندم و لێرەش ئەڵێی ئەوان ئیشی وا ناکان؟ هەر نەمانزانی کام لەمانەیە

“دووەم: لە هەموو دونیا و مێژووی بەشەرییەتدا نەمدیوە نوسەرێک کە لە ڕۆژنامەیەک بنوسێت، بەرپرس بێت لە سیاسەتی ڕۆژنامەکە. “

فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی ….ڕۆژاوا فێری کردم ڕەخنە لە خۆم بگرم….”ئەمە نە کێشەی ڕۆژنامەی باسە بە تەنیا”. نمونەی وا لە کایەی زانستی و ئەدەبیشدا تورێک ناژی. وردی بکەرەوە با جوان حاڵی بین. هەموو دنیا مەوروژێنە بابەتەکە زۆر ئاسانە. بۆ لەوێ ئەنوسیت؟ بڵێ بۆ پارە و تەواو. قەیرێکی تر خۆت دێیتە سەری.

“یان بگووترێت لە بەرئەوەی ڕۆژنامەکە ئەمجۆرە بیرکردنەوە سیساسییە زاڵە بەسەریدا، کەواتە نوسەرەکانیشی هەمان سیاسەتیان هەیە، یان بوون بە داردەستی ئەم سیاسەتە.”

چی؟

“مەگەر مرۆڤ هەموو هۆش و مەنتیقێکی لەدەست دابێت بکرێت وا لە نوسین و نوسەران بنواڕێت. نوسەر لە هەر کوێیەک بێت تەنیا بەرپرسە لە وشەی خۆی،”

چۆن؟

“کێ هەیە لەمسەر زەوییە نوسەرێک لەسەر نوسین یان هەڵوێستی کەسێکی تر دادگاییبکات.”

پاراستن. فیشەکەکەی ناودەمی سەردەشت ئەتگرێ ئاخر!

“من لە دەیان ڕۆژنامە و کەناڵدا نوسیومە و چاوپێکەوتنم کردوە، کە هیچیان دوور و نزیک پەیوەندیان بە بیرکردنەوەی سیاسی منەوە نەبووە.”

پیاسەی ناو ڕۆمان

“نوسەران کۆپی یەکتری نین، هەر کەسێک و بە جۆرێک لە دونیا دەڕوانێت، بەڵام ناکرێت هەر نوسەرێک لە بەرئەوەی بیروبۆچوونی لەوانی تر ناچێت، ڕۆژنامەیەکی تایبەت بۆ خۆی دەربکات و بیکاتە زمانحاڵی خۆی. ڕۆژنامە ڕووبەرێکی کراوەیە، دەیان خەڵک و سەدان قەڵەمی جیاواز جیاواز تیا دەنوسن، کە نەوەک لە یەک ناچن، بەڵکو زۆرجار دوژمن و نەیاری یەکیشن.”

دە لەمەودوا کتێبەکانیشت لەگەڵ خەڵکی تردا پێکەوە بڵاو بکەرەوە. یانی وا بچووک بویتەوە کە بڵێی من ناچارم لە ڕۆژنامە بنوسم؟ یان ڕۆژنامە ناچارە تۆ بانگ ئەکات؟ لە لایەک خۆت بە “دەنگی بڵند” و ژمارەی چاپی فارسیت قورسای خۆت نافرۆشی بە هیچ “باس”ێک، لێرەش هاتوی بڵێی “بەڵکو زۆرجار دوژمن و نەیاری یەکیشن” یانی لەناو باسدا دوژمنی پارتی هەیە؟ قەیرێ تریش بەرگە ئەگرین.

“من بەو برایانە دەڵێم کە دەیانەوێت بە تەپوتۆز دروستکردن و و قیڕە قیڕ شتێک بسەلمێنن کە ناسەلمێنرێت:”

کەواتە بۆ وا دەمارت بەرز بۆتەوە؟ وەڵا داویانە لە خەتەرترین دەمارت. هەستە لە خەو کاکە، ژیانی فەقیری زۆر باشترە لەو شتانەی قەیرێکی تر دێیتە سەری.

“بۆ من کە لە ڕەهەنددا دەمنوسی وەک برادەرانی ڕەهەند بیرمدەکردەوە تا ئێستا کە لە باس دەنوسم وەک باس بیربکەمەوە ؟. بۆ من کە لە هاوڵاتی دەمنوسی وەک هاوڵاتی بیرمدەکردەوە تا ئێستا وەک باس بیربکەمەوە، بۆ من کە سەردەمێک بزوتنەوەی گۆڕان ڕۆژنامەیەکیان دەردەکرد و من شتم تێدا بڵاودەکردەوە وەک ئەوان بیرم دەکردەوە ؟ بۆ کە لە کوردسات و گەلی کوردستان چاوپێکەوتنم دەکرد داردەستی یەکێتی بووم؟. بۆ نوسەرەکانی ئاوێنە هەموو یەک عەقڵ و یەک سیاسەت و یەک بیرکردنەوە و یەک ئاڕاستەیان هەیە؟ گەر وایە دەبێت ئەوانە ڕۆبۆت بن نەک نوسەر.”

وایە، بەس خاڵ دوای نیشانەی پرسیار دامەنێ تکایە.

“ئەوانەی لە ڕۆژنامەی باس دەنوسن بەشی هەرە زۆریان نە پارتین و نە داردەستی کەسن،”

کێ باسی ئەوانی کردوە؟ ئەی پارەکە هی کێیە وەری ئەگرن؟ ئێستا خۆت ڕوونی ئەکەیتەوە.

“ئەوانەی من لە باسدا بینیومن و نوسیویانە کەسانی وەک مامۆستا شێرزاد حەسەن و کاک ڕێبوار سیوەیلی و مامۆستا رەوف بێگەرد و کاک فازیل جاف و برای وەرگێڕم کاک بەکر شوانی و کاک سیروان ڕەحیم و خانمی بەفراو نوری و کاک عادل باغەوان و کاک ئازاد حەمە و کاک خەڵات عومەر و چەندانی تر بوون، کە هەموویان ناوی ناسراون و هیچ کەسێکیان پارتی نین و داردەستی هیچ کەسیش نین و نوسەری ئازادن و بۆچوونی خۆیان دەنوسن. ئەمانە لە پاڵ چەندەها قەڵەمدا کە سەر بە هێزی سیاسی دوژمن و نەیار بە پارتین، وەک عەلی حەمەساڵح و ئازاد جوندیانی و چەندانی تریش، کە هەموو لە قۆناغی جیاوازدا نوسەری ڕۆژنامەی باس بوون.”

ڕاوەستە کاکە پەلە مەکە. لەلایەکەوە کۆمەڵگایەکی فاشیستین، لە لایەکەوە “ئەمە نە کێشەی ڕۆژنامەی باسە بە تەنیا و نە کێشەی کەناڵێکی دیاریکراوە، بەڵکو کێشەی هەموو دونیای کورد و هەموو میدیای کوردییە.” لە لایەکیشەوە سوری لەسەر ئەوەی ڕۆژنامەمان هەیە هی پارتیشە و خەڵکیش دژی پارتی شتی تیا ئەنوسێ؟ کامیان ڕاستن؟ فاشیستین یان دیموکراتیترین دەوڵەتی ناوچەکەین؟

“ئەمە چ عەقڵییەتێکە وابزانیت کە لە ڕۆژنامەیەک شتت نوسی کەواتە کەوتوویتە ژێر کاریگەری ئەو حیزبە یان ئەو هێزەی تەمویلی ڕۆژنامەکە دەکات. “

ئەمە ئەو ئەقڵەیە کە ئەڵێ ئەگەر ویستت ڕاستیەک بدۆزیتەوە شوێن پارەکە بکەوە. ئەمە ئەو ئەقڵەیە کە بێشکچی و هەموو فەیلەسوفەکانی ناویان ڕیز ئەکەی تۆزێکی تر، ئەڵێن پارە دنیا ئەسوڕێنێتەوە. ئەمە ئەو ئەقڵەیە کە خۆت باسی ئەکەیت کە پێویستت بە پارەی نوسینەکانتە. ئەمە ئەو ئەقڵەیە کە مرۆڤی لە ڕاوکردنەوە گەیاندە بۆرسەی لەندەن و نیویۆرک. ئەو ئەقڵەی کە خۆت شەوانە بیری لێ ئەکەیتەوە چۆن کتێبێکی باشتر بنوسی و پڕ فرۆشتر بێت. ئەو ئەقڵەی جگە لە هەندێ دەزگای خێرخوازی و کەسانی بیرگەورەی جیاواز لە جەنابت، نزیک هەموو شتێک بوە بە پارە.

“ژیژیک کە گەورەترین فەیلەسوفی زیندووە لە ڕۆژنامەی گاردیان دەنوسێت، گاردیان ڕۆژنامەیەکی لیبراڵی میانەڕەوە کە ساڵەهای ساڵ تۆنی بلیر پشتگیری دەکرد، لە کاتێکدا هەموو دەزانین گەورەترین دوژمنی لیبرالییەت لەم سەردەمەدا سلافۆ ژیژیکە، گەر بەم عەقڵیەتە پوچ و بازاڕییە بێت دەبێت بڵێین گاردیان لیبراڵە کەواتە ژیژیکیش هەر لیبراڵە و داردەستی لیبراڵەکان.”

فاشیزمی ڕۆژهەڵاتی و گاردیان؟ پارتی ئاوا ترسناکن لات؟ ئاوا ئەترسی لێیان تێزەکەی خۆشت ئەخەیتە ژێر پێت  “چ عەقڵییەتێکە وابزانیت کە لە ڕۆژنامەیەک شتت نوسی کەواتە کەوتوویتە ژێر کاریگەری ئەو حیزبە یان ئەو هێزەی تەمویلی ڕۆژنامەکە دەکات. “

“هەموو دەزانین کە ڕۆژنامەی الحیاة خاوەنەکەی یەکێکە لە ئەمیرەکانی بنەماڵەی ئال سعود و موڵکی خالد بن سلطانە، سیاسەتی ڕەسمی ڕۆژنامەکەش بەرگرییەکی بەرچاوی تێدایە لە سعودیە. گەر وابێت نوسەرەکانی حەیات پیاو و داردەستی سعودیە بن، دەبێت بڵێین نوسەرانی گەورەی وەک «ئەدۆنیس» «سەلیم برکات» «جورج طرابیشی» «جابری» «عەفیف ئەخزەر» «هاشم صالح» و دەیانی تر کە چەندین ساڵە لە حەیات دەیاننوسی، پیاو و داردەستەی ئال سعودن، لە کاتێکدا هەموو دەزانین ئەمانە لوتکەی عەقڵی ڕوناکبیری عەرەبین و گەر ڕۆشناییەک لە دونیای عەرەب و خۆرهەڵاتدا هەبێت ئەمانە نوێنەرایەتی دەکەن.”

مەڕۆ قوربان. یەک یەک بیان ناسێنە، گەورەیی چیە؟ گەورەیی ژمارەی چاپکی کتێبەکانی تۆ و ئەوانە؟ لای تۆ گەورەن. لای ئەوانەی پێت خۆشە کتێبەکانت بکڕن گەورەیە، لە ڕۆبەرت فیسک بپرسە بزانە گەورەن؟

“عەرەب بە هەموو دۆخی دژوار و بە هەموو دواکەوتوویی سەپێنراوی سەرسەریان، نەمانبیست ڕۆژێک تانەی وا نابەجێ و قسەی وا پڕوپوچ دوای نوسەرانی خۆیان بخەن.”

لە بەشە دوور و درێژترەکەی ڕوونکردنەوەکەت ئێژی “ئەوە بەشێکە لە ژیان و بەشێکیشە لە مێژووی هەموو نوسەرە ڕاستەقینەکانی سەر زەوی.” کەچی پەنا ئەبەی بۆ ئەوەی فێرمان کەی نمونەی “عەرەب”مان بۆ ئەهێنیتەوە؟ ئەمە هەموو مەنتق و لۆجیکەکەی بەختیاری گەورەیە؟

“دوائەوە چەندەها ساڵ، نوسەرانی کورد بابەتیان لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی وەک «هاوکاری» و «ڕۆشنبیر» و «بەیان» و «پاشکۆی عێراق» بڵاودەکردەوە کە هەمووی لە ئۆرگانەکانی دەوڵەتی بەعس دەردەچوون و سەرنوسەرەکانیان پیاوانی دەزگا جاسوسییەکانی دەوڵەت بوون. هیچ نوسەرێکی نەوەی پێشوو نییە لەو ڕۆژنامانەدا نەینوسیبێت، بەم عەقڵییەتە پوچە بێت دەبێت هەموو نوسەرانی نەوەی پێش ئێمە پیاوی موخابەراتی عێراقی بووبن… ئەمە چ عەقڵییەتێکی پوچە کە بە زۆر دەیەوێت ئەم جۆرە ژەهرە بکات بە قوڕگی خەڵکدا، بە خائینکردن و بە پاراستنکردن و ناوزڕاندن بکات بە کولتوورێکی نۆرماڵ.”

هەموومان جاشین و هەموویان جاشن. تۆش وەک ئەوان، مادام پێت خۆشە لەگەڵ ئەوان ڕیزکرێی دەبڕۆ نۆشی گیانت بێت.

“دوا قسەشم ئەوەیە سەبارەت بەوەی گوایە من مانگی دوو هەزار دۆلار لە باس وەردەگرم، ئەمە لە درۆیەکی گەورە زیاتر نییە. ئەوەش کە بنوسم و نەنوسم پارەم دەدەنێ، من فێرنەبووم لە ژیانمدا پارە بێ بەرامبەر و بێئیش لە هیچ کەس وەربگرم وەکو چۆن دژی ئەوەم نوسەر و هونەرمەندی کورد وەک کۆیلە بژی و مافی هیلاکی و نوسین و ڕەنج و شەونخونی خۆی وەرنەگرێت. وە هەموو کارێکیش دەکەم کە ئیشی نوسەران و هونەرمەندان وەک پیشە بناسرێت و نوسەران و هونەرمەندانی ئێمەش لەوە دەرچن کەسانی دوو پیشەبن، بە شەو نوسەر بن و بە ڕۆژ کرێکار و فەرمانبەر و شۆفێر. ئەوەش تەنیا بە دانانی نرخی ڕاستەقینە دەبێت لەسەر داهێنان و بەرهەمیان. ئەوەی بەدوای پول و پارەوە بێت نوسەریی هەڵ نابژێرێت،”

حەز ئەکەی وەک جەی کەی ڕۆڵینگ وشەی ٣٠٠ دۆلار وەرگرە، کێ دەستی گرتوی؟ سوربوونەوەی بۆچیە؟

“بۆ زانیاریی ئەو بەڕێزانەش، نەوەک من بەتەنیا، بەڵکو بڕی ئەو پاداشتەی کە هەموو نوسەرانی کورد لە بەرامبەر نوسیندا لە ڕۆژنامەکان لە ساڵێکدا وەریدەگرن، پێکڕای کۆبکەرەوە ناکاتە پارەی خانوویەک ، کە دزێک یان بازرگانێک یان سیاسییەک لە ماوەی چەند چرکەیەکدا پەیدایدەکات.”

ئەها…ئەنجا هاتیتە سەر مەسەلەکە. تەنها ئەم دوو دێڕەی بەس بوو ڕوونکردنەوەکەت. نە چویبایەتە لای ژیژک و گاردیان نە الحیاتی لەندەن. تۆش؟ وای لێهات؟ وای لێهات بتەوێ بە ساڵێ پارەی خانوویەک پەیا بکەی؟ ئەشهەدوو ڕاستەکەی. بەس وەک وتم وشەی بدە بە ٣٠٠ دۆلار، کەس دەستی نەگرتووی. وەک جەی کەی ڕۆڵینگ شتێ بکە تەواوی کورد شوێنت کەون. بەڵام کەس نەخەڵەتێنی، چوونکە ئەوەی تۆی دروست کرد، خەڵکی ئاسایی نەبوو و نین، خەڵکی وەک سەردەشت بوون و هەن. بۆیە ئەمە ئیتر کۆتایی تۆیە وەک ئەفسانەیەک. تۆش بڕۆ وەک ڕۆڵینگ چ خورافاتێکت لا جوانە ڕیزی بکە و لە باس بڵاوی بکەرەوە.

“ئەوەی بە دوای سامان و پارەوە بێت، هەموو کەس دەزانێت کە سامان و پارە لە نوسیندا نییە. من گەر ئەو پارەیە نەبێت کە لە فرۆشی کتێبەکانم وەریدەگرم،”

قەلبی مەکەرەوە. پاش و پێش کەوتوون ئەم دێڕانەت. لە پێشدا فەرمووت بەڵکوو بە ساڵێ پارەی خانوویەک پەیدا بکەی ئێستا ئەڵێی پارەی تیا نیە؟ پەلەت کردوە.

“هیچ کات پاداشتی ڕۆژنامە بەشی کرێ خانوو و پارەی کارەبا و تەلەفونیشم ناکات.”

قوربان ئەگەر لە هەڵەبجە بژیت پێویستت بە ١٠٠ دۆلار زیاتر نیە، لە ناوەڕاستی بەرلینیش، ڕۆژانە لە ڕۆژنامەی سەنیش بنوسی هەر بەش ناکا، کێ ئەخەڵەتێنی؟ فەرموو ئازابە و بڕۆ لە تۆکیۆ بژی.

“من بەو پارەیە دەژیم کە لە کتێبەکانم و لە ئەندێشە وەریدەگرم هەڵبەت لە پاڵ پاداشتی نوسین و چاوپێکەوتنەکان، بە هەر دووکیشیان تەنیا بەشی ئەوە دەکەن ژیانێکی ئاسایی بژیم، نان بخۆم، پارەی تەئمینی تەندروستی بدەم ، کتێب بکڕم و ساڵی دوو سەفەر بکەم. “

دە بۆ وا لە خۆت ئەکەی برای باش؟ بۆچی؟

 “ئەم ڕوونکردنەوەیە تەنیا بۆ ئەو خوێنەرە دوودڵانەیە کە هەندێ جار دوبارەکردنەوەی هەندێ درۆ و بێدەنگی من ڕەنگە بیانخاتە گومانەوە،”

ئەزانی چیت کرد؟ بە حیسابی خۆت، ئەوەی بە ملیارەها دۆلار باس نیوز پێی ناکرێ، بۆت کرد. بۆیە لەو خەوە خۆشەی خۆتدا، ماڵت ئاوا بێ گەیانتە ئاستی گاردیان، خۆشت کرد بە ژیژک! پیرۆزە، هیوادارم بەردەوام بیت لە باس نیوز چونکە زۆر ئاسانە ڕەخنەگرتن لێت. پێویست بە بیرکردنەوەش ناکات. تۆش بە دوو ڕۆمانی تریش ناتوانی ڕوونی بکەیتەوە بۆچی لەوێ ئەنوسی. بڕۆ لە کارمەندێکی مەکدۆناڵد بپرسە گەر وانەبوو هەڵبەت ئێمە غەدرمان لێ کردویت. تەمەن درێژ بیت ئیشەڵا ڕۆژێک پێویستت بە پارەی باس نیوز نامێنێت.

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s