چ جۆرە مرۆڤێک دەستپێکەری شۆڕشی ڕۆشنبیری بوون؟

وێنەی ئێراسمەس، لە ویکیمیدیاوە، کێشراوی هانس هۆڵبین ناوێک.
وێنەی ئێراسمەس، لە ویکیمیدیاوە، کێشراوی هانس هۆڵبین ناوێک.

بۆخۆی ئەم پرسیارە ئاوا نەبوو. ئەوەی هەست ئەکەم وا ئەزانرێت، لانی کەم من وابووم، پێشکەوتنی ڕۆژاوا لە شۆڕشی پیشەسازیەوە دەستی پێکردبێت، یان لە شۆڕشی ڕۆشنبیری فەرەنسا و سەدەی حەفدەهەمەوە بووبێت. یان لام وابوو پێشکەوتنی ڕۆژاوا لەدوای ئەوەوە دەستی پێ کرد کە گالیلۆ زانی زەوی خڕە. هەروەها خودی زانستە کە وای کردوە ئەوان پێشکەون. بەڵام ئەمە تەواو پێچەوانەی ئەوەیە ڕەسڵ لە کتێبی “مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا” کتێبی سێ بەشی یەکدا باسی ئەکات [١]. هەڵبەت ئەوە نەزانی بەندەیە دەنا شۆڕشی ڕۆشنبیری جیاوازە لە شۆڕشی پیشەسازی. ئەنجا دەربارەی شۆڕشی ڕۆشنبیری پرسیارەکەم ئاوابوو: کێ شۆڕشی ڕۆشنبیری دەست پێ کرد؟ بەڵام پرسیارەکە زۆر ناماقوڵانەیە، وە گۆڕینی بە :کێ بوون…بە کۆ دیسان نابێت. بۆیە ئەپرسم چ جۆرە پیاوێک بوون؟ ئاخر هەموو بیرۆکەیەک، ئەنیشتاین وتەنی، ئەگەر بەدوای کەویت ئەگەڕێتەوە لای کەسێک، مرۆڤێک، جا ژن یان پیاو.

ڕەسڵ، شۆڕشی ڕۆشنبیری یان “ژیانەوە”، زۆرێ پێیان خۆشە بە ڕینەیسانس ناوی بهێنن، دابەش ئەکا بۆ خوار و سەرەوەی ئاڵپ. خوارەوە ئیتالیا و سەرەوەش باقی ئەوروپای ڕۆژاوا (ئەڵمانیا، فەرەنسا، بەریتانیا و وڵاتانی تر).

بۆ جۆری مرۆڤەکان چەن ناوێک باس ئەکات، مایکڵ ئەنجلۆ، لیۆناردۆ و مەکیاڤێلی لە خوارەوە. لە سەرەوەی ئاڵپیش باسی دوو پیاو ئەکات. یەکێکیان لە دایک بووی ڕۆتەردام، بە ناوی دیسیداریەس ئێراسمەس (١٤٦٦-١٥٣٦)، کە لە ئێستادا لە ئەوروپا قوتابیان کە جێگا ئەگۆڕنەوە لە زانکۆیەک بۆ زانکۆیەکی تر پرۆگرامەکە بە ئیراسمس ناسراوە. هەروەها تۆماس مۆر (١٤٧٨ – ١٥٣٥)، لەدایک بووی لەندەن، کە ئینگلیز بوە. ئەڵبەت باسی ناکا چۆن ئێراسمس مۆر ئەناسێ بەڵام ئەڵێ هاوڕێی نزیک بوون و گوایە ئێراسمس کاتێکی زۆری لە ئینگلتەرا بەسەر بردوە.

دەربارەی باشور، بە درێژی باسی فەرمانڕەوایی خانەوادەی مەدیچی ئەکات لە ناوچەی فلۆرانس لە ئیتالیا. هەڵبەت ئەو بە درێژی باسی ئەکات بەڵام بە کورتی جۆرە کەسانێک بوون کە لەناو دیندابوون وەک فەرمانڕەواکانی تر بەڵام بە مرۆڤدۆست ناویان ئەبات. کە دێتە سەر باسی شاری فلۆرانسیش بە “مۆدێرنترین شار”ی دنیای باس ئەکات. لە لاپەڕە ٤٨٤ و ٤٨٥دا [١] باسی چۆنێتی هاتنە سەر حوکمیان ئەکات. ئەڵێ سێ جۆر مرۆڤ هەبوون لە فلۆرانس، خواپێداوەکان، بازرگانەکان و پیاوە بچوکەکان. ئەنجا ئەڵێ لە ١٢٦٦دا پیاوە بچوکەکان ئەوانی تریان ڕووخاند و بەداخەوە دیموکراسیەتێک دروست نەبوو. بەڵام خانەوادەی مەدیچی بە پێشەوایەتی کۆسیمۆ دی مەدیچی (١٣٨٩ – ١٤٦٤) حوکمیان گرتە دەست. ئەبێ لێرەدا بنوسم کە ئەستەنبوڵ لە ١٤٥٣داگیرکرا لەلایەن عوسمانیەکانەوە. کوڕی ئەم پیاوە، لۆرێنزۆ لە ١٤٦٩ بۆ ١٤٩٤ حوکم ئەکات. ڕەسڵ ئەڵێ هەردوو خاوەنی حوکم بوون لەسایەی دەوڵەمەندیەکەیاندا کە لە کەسابەتەوە دەستیان کەوتبوو. باوکی بە کابرایەکی توند و تیژ ناو ئەبات بەڵام لۆرێنزۆ بە حاکمێکی وریا کە توانیبووی فلۆرانس دەوڵەمەند بکات و خۆشی لە ئەنجامی ئەوەدا دەوڵەمەنتر بێت.

ئەم جۆرە حاکمانە بە حاکمی “مرۆڤدۆست” ناو ئەبات، وەک سەرەتایەک لە جیاوازی ئیمپراتۆر یان سوڵتانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی کە حاکمی موتڵەق بوون.

کە دێتە سەر باسی ئەوەی ژیانەوەکە خۆی چ کارێکی تێدا کرا، ئاوا باسی ئەکات: “لە دایکبوونەوە ماوەیەکی گرنگ نەبوو لە ڕووی دەستکەوتی فەلسەفیەوە، بەڵام هەندێ شتی کرد کەوا پێشینەیەکی پێویست بوو بۆ ئەو شتە گەورانەی کە دواتر لە سەدەی حەفدەهەمدا کرا. یەکەم شت، سیستمە فێرکاریە تەقلیدیە ڕەقەکەی پێشتری شکاند، کە بۆخۆی ببوە قاڵبێکی ڕەق دژ بە ڕۆشنبیری. هەروەها خوێدننی ئەفلاتونی زیندوو کردەوە، وە کارێکی کرد کەوا ئەوەندەی پیویست بێ سەربەخۆیی دروست ببێ کە کەسەکان بتوانن لەنێوان ئەفلاتون و ئەرستۆدا هەڵبژێرن….لە هەمووشی گرنگتر هانی خووگرتنی دا تا موغامەرەی ڕۆشنبیری ببێتە کردارێکی کۆمەڵایەتی خۆش…” [١، پەڕەی ٤٨٧] فێرکاری تەقلیدی مەبەستم سکۆلاستیسیزمە، ئەو فەلسەفە ڕەقەی ئەرستۆیە کە دینیەکان و پیاوانی وەک تۆماس ئەکویناس و هەروەها ئیبن سیناش پێوەی خەریک بوون بە وتەی ڕەسڵ لە هەمان سەرچاوە لە بەشی “موحەمەدیەکان”دا.

ئەنجا ئەڵێ، هەردوو کۆسیمۆ و لۆرێنزۆی کوڕی موعتادی ئەفلاتوون بوون. کۆسیمۆ ئەکادیمای فلۆرانسی دروست کردوە و کوڕەکەشی بەردەوام بوە لەسەری کە تیایدا فەلسەفەی ئەفلاتونی تێدا خوێندراوە. کۆسیمۆ خۆی لە سەرەمەرگدا یەکێ لە ئاخاوتنەکانی ئەفلاتونی بۆ خوێندراوەتەوە. ئەوەی ڕەسڵ لێرەدا بە وردی سەرنجی ئەدا، کە لە باسەکەدا زۆر ڕوون نیە ئەمەیە: “مرۆڤدۆستەکانی ئەو سەردەمە، ئەوەندە سەرقاڵی وەدەست خستنی زانیاری بوون دەربارەی کۆنەکان، بواریان نەبوە هیچ شتێکی نوێ بەرهەم بهێنن لە فەلسەفەدا”

ئەنجا ئەڵێ “ژیانەوە بزوتنەوەیەکی بڵآو نەبوو، بەڵکوو بزونتەوەیەکی کۆمەڵێ زانا و هونەرمەندی کەم بوو، هاندراو لەلایەن فەرمانڕەوای لیبراڵەوە، بە تایبەتی خانەوادەی مەدیچی و پاپا مرۆڤدۆستەکان” لە هەمان کاتیشدا ئەڵێ ئەم جۆرە پیاوانە کەسانێک بوون کە لەگەڵ ئەوەشدا لەگەڵ پیاوانی دیندا ناجۆر بوون زۆرێکیان ڕازیبوون کاریان بۆ بکەن یان لە کۆتاییدا هەر چوونەوە بۆ لای پیاوانی دین. بۆیە ئەڵێ ئەمان نەیان توانی شتێکی جیاواز بەرهەم بهێنن چ وەک ئەوانەی سەدەی حەڤدە یاخوود ئەو “چاکسازیە دینیە”ی بە ڕیفۆرمەیشن ناسراوە لەسەر دەستی مارتن لوسەر.

بە ناوەکانی سەرەوەدا ڕوونە کە ئەم پیاوانە پیاوانی زانست نەبوون، ئاخر ئەوەی ئێستا بە زانست ناسراوە دواتر لەسەر دەستی گالیلۆ (١٥٦٤-١٦٤٢)، دیسان ڕەسڵ باسی ئەکات، گەشە ئەکات. لەسەر ئەوانەی باشور، باسی لیۆناردۆ و مایکڵ ئەنجلۆ ناکات، بەڵام بەشێکی تەرخان کردوە بۆ مەکیاڤێلی [١، پەڕەی ٤٩١]. هەقە بە کورتی لێرەدا بنوسم ڕای ڕەسڵ لەسەر مەکیاڤێلی پێچەوانەی ئەوەی من ئەمزانی، تەواو ئەرێنیە. بەناوبانگترین کاری مەکیاڤێلی، “شازادە” کە ئەو ئەڵێ ١٥١٣ نوسراوە و بۆ لۆرێنزۆی دوەم نوسراوە، ڕەسڵ ئەڵێ گەر تەنها ئەوە بخوێنیتەوە ئەوا ناتوانی هەقی تەواو بە مەکیاڤێلی بدەی. ئەبێ “دیسکۆرسس” یان ئاخاوتنەکانی بخوێنیتەوە تا بتوانی لە مەکیاڤێلی حاڵی بیت.

کە دێتە سەر باسی باکوریەکان، هەردوو مۆر و ئیراسمەس ئاوا وەسف ئەکات “هەردوو برادەری نزیک بوون، زۆر شتیان هاوبەش بوو. هەردوو خوێندەوار بوون هەرچەن مۆر کەمتر بوو خوێندەواریەکەی تا ئیراسمەس، هەردوو ڕقیان لە فەلسەفەی فێرکاری بوو، هەردوو ئامانجیان ڕیفۆرم بوو لە دینداریدا لە ناوەوە، هەردووکیش کاتێ لەتبوونی پرۆتێستانتیەت هات بەدڵیان نەبوو، هەردوو قسەزان، قسەخۆش، هەروەها نوسەری بەتوانا بوون. پێش شۆڕشەکەی لوسەر، ئەوان پێشەنگی بیرکردنەوە بوون، بەڵام دوای ئەوە دنیا بۆ پیاوانی وەک ئەوان لە هەردوو جەمسەرەکەوە زۆر توندوتیژ بوو بۆیان. مۆر توشی شەهید بوون بوو، ئیراسمەسیش نوقمی ناکاریگەری بوو

هیچ یەک لە ئیراسمەس و مۆر بە مانای وشەکە فەیلەسوف نەبوون. هۆکاری ئەوەی باسیان ئەکەم ئەوەیە کەوا ئەوان ئەو میزاجە نیشان ئەدەن کە پێویستە پێش ڕوودانی شۆڕشێک، کاتێ کە ڕیفۆرمی نەرم ئەبێ بە پێداویستی سەردەم، هەروەها کاتێ پیاوانی ترسنۆک وایان لێ نەهاتوە کە پەرچەکردار بکەن دژی هەڕەشەی توندڕەوان. هەروەها ئەوان نمونەن بۆ ئەوانەی دژی هەموو شتێکی سیستەماتیکین لە خواناسیدا کە بۆخۆی ئەو خاسیەتانەی ئەو پەرچەکردارانەبوو دژ بە فێرکاری تەقلیدی” [١، پ ٤٩٩] لێرەدا وەرگێڕانەکە ڕوون نیە، بۆخۆی ئینگلیزیەکەش زۆر ڕوون نیە لام، بەڵآم من وای لێ تێ ئەگەم ڕەسڵ ئەڵێ ئەم جۆرە پیاوانە کەسانێ نەبوون کە گۆڕانکاری گەورەیان مەبەست بووبێ. دیسان وەک ئەوانەی باشوری ئاڵپ، بەڵام جۆرە کەسێ بوون کە پێویستە هەبن پێش ئەوەی شۆڕشی گەورەتر ڕووبدات. هەرچەن لەگەڵ ئەوەشدا دواتر بە وردی باسی کەسایەتی هەردووکیان ئەکات کە بەڕاستی کەسانی بە توانا بوون. دیسان “زانا” بە مانا “زانستی”یەکەی نەبوون کە دیسان تەمەنەکانیان لەگەڵ گالیلۆ ئەبێ تەماشا بکرێ، چونکە گالیلۆ بە سەرەتای زانستی تاقیکراوە دا ئەنرێ. بۆخۆی وشەی “ئیمپریسیزم” لە وشەیەکی یۆنانیەوە هاتوە کە ئەچێتەوە سەر “ئیکسپێریمێنت” واتە تاقیکردنەوە.

تێبینی: نە شارەزای ئەفلاتونم نە هی ئەرستۆ، ئەوە نەبێ کە خوێندنەوەکانم هەمیشە سەرچاوەی شتێ لە شتەکان ئەگێڕنەوە سەر یەکێ لەم دوانە. هەڵبەت لە داهاتوودا وا نامێنمەوە.

[1] Russell, Bertrand. History of Western Philosophy. Routledge, London, 1991.

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s