لە بیرکاریەوە دێ
لە وەرگێڕانەکانی بێرتراند ڕەسڵ

” بیرکاری، من باوەڕم وایە، پێشڕەوی سەرچاوەی باوەڕە بە هەمیشەیی و ڕاستیی کتومت، هەروەها وشەیەکی یەکجار پڕمانا و شایانی لێ تێگەشتنە. ئەندازە کاری لەگەڵ بازنەی تەواوە، بەڵام هیچ شتێکی هەستپێکراو بازنەی تەواو نیە، هەرچەنە پڕگالەکامان بە وردی بەکار بهێنین، هێشتا ناتەواویەک و ناڕێکیەکی تێدا ئەبێت. ئەمە پێشنیاری ئەو دیدە ئەکات کەوا هەموو ئەقڵاندنێکی دروست بەسەر شتە ئادیالی (خەیاڵی)یەکاندا ئەچەسپێ نەک هەستپێکراو؛ ئاساییە زیاتر لەسەری بڕۆین، وە بڵێین بیر مەزنترە تا هەست، وە شتەکانی ناو بیر ڕاستەقینەترن تا شتەکانی بەرهەستمان. مەزهەبە سۆفیگەراییەکان بە نیسبەت پەیوەندی کات بە هەتاهەتاییەوە ئەوانیش پشتیوانیکراون لە لایەن بیرکاری ڕووتەوە، چونکە شتە بیرکاریەکان، بۆ نمونە ژمارە، ئەگەر هات و ڕاستەقینەش بن، هەتاهەتایین لەدەرەوەی کات. ئەم شتە هەتاهەتاییانە ئەکرێ وەک بیری خودا تێگەشتنیان بۆ بکرێت. ئەوەش مەزهەبەکەی ئەفلاتونە کەوا خودا ئەندازەکارە و ئالودەیە بە چوارکردارەکە (ئاریسمەتیک). ئاینە ئەقڵانیەکان جیاواز لە ئاینە قیامەتیەکان زۆر لە مێژە، لە کاتی فیساغۆرسەوە، وە دیارتریش لە کاتی ئەفلاتونەوە، بیرکاری و مێتۆدی بیرکاریانە بەسەریاندا بەتەواوی زاڵبوە.”
کۆتایی وەرگێڕان. تێبینی:
١. پەرەگرافەکە بەشێکە لە کتێبی “مێژوی فەلسەفەی ڕۆژاوا، نوسینی ڕەسڵ” کە شاکارێکە ڕۆژانە لەسەر مێزەکەی بەردەمتدا هەبێت.ئەنجا ئەبێ بڵێم، حەقیقەت ئەوەیە نەک حەقیقەت “خواست” و “نیاز” و “مەبەست”ی وەک دۆ و دۆشاو پێوە تێکەڵ بکەی.
٢. قیامەتگەرایی مەبەستم لە وشەی apocalypticی ئینگلیزی/لاتینیە کە نازانم چ وشەیەکی تر پڕ بە پێستێتی.
٣. بەڕای من زۆرێک لە وەهابیەت و توندڕەوی سەردەم ئەچنە خانەی قیامەتگەراییەکەوە، ئاشکرایە کە ناچنە خانەی سۆفیگەراییەوە.
٤. “ڕاستی” مەبەست واتە truthی ئینگلیزی وحەقیقەتی عەرەبی، نەک واقع یان شتێکی تر