ویکیپیدیا چیە؟

fibreOptic
بابەتی فایبەر ئۆپتیک لەسەر ماڵپەڕی وەزارەتی گەیاندن، بەرامبەر بابەتەکەی ویکیپیدیا

ویکیپیدیا، ئەو پرۆژەیەی کە زۆرێک ڕای خۆیان هەیە لەسەری. بەڵام ویکی سۆرانی ڕێک کەوتوون لەسەر ئەم پێناسەیە:

زانستنامەیەکی سەر تۆڕی ئینتەرنێتە و بە شێوازی ئازاد بڵاو دەبێتەوە. وتارەکان لە لایەن بەکارھێنەرانی خۆبەخشەوە پێکدێن، ھەربۆیە ھەموو کەس لە سەر تۆڕی جیھانی بۆی ھەیە دەستکاری بکات.

بە نوسینەکەدا دیارە مامۆستایەکی زانکۆ نەینوسیوە، بەڵام ئایا زانست لای کێیە؟ لای کەسێکە بۆ مەعاش بچێ بۆ دەوام یان بۆ زانست بچێ بۆ دەوام؟ ئەوەیان کاری ئەم بابەتە نیە. ئەوەی لەوێ نەنوسراوە و ئەمڕۆ لە ویکی ئینگلیزی نوسراوە ئەوەیە کەوا ویکیپیدیای ئینگلیزی حەوتەم بەناوبانگرتین ماڵپەڕی دنیایە.

لێرە پێم خۆشە چەن خاڵێک بنوسم تا ویکیپیدیا بناسێنم بەڵام بەجێی دێڵم بۆ ویکیپیدیا خۆی خۆی بناسێنێت:

یەکەم: ویکیپیدیا یاسای توند و تۆڵی هەیە بۆ ڕەتکردنەوەی ڕای نوسەر و داوا ئەکات بە سەرچاوە زانیاریەکان بنوسرێت

دوەم: لەبەر ئەوەی ملیۆنان کەس، خوێندەوار تا نەخوێندەوار، تیایدا ئەنوسن، ئەستەمە دامەزراوەیەکی وەک دروستکەرانی پێشووی موسوعە، زانستنامەی وەک “بریتانیکا” بتوانن پێشی بدەنەوە. وە لەڕاستیدا بابەتەکانی ویکیپیدا بوونەتە سەرچاوەی زۆرێک توێژینەوەی زانستی.

سێیەم: هەموو ئەزانین هەڵەی تێدایە، کەس لاری لەوە نیە، بەڵام هەموو ئەزانین کە کەسانێکی خۆبەخش ئەینوسن، بۆیە کەمتر بواری ئەوە هەیە کە زانیاری هەڵە بڵاوکرێتەوە.

چوارەم: بەڕای بەندە زانستنامە بۆ دەوڵەتانی پێشکەوتوو کەمتر سودی هەیە تا دواکەوتووەکان، چونکە پێشکەوتووەکان خۆیان سەرچاوە زانستیەکانیان هەیە بەڵام دواکەوتووەکانی وەک ئێمە ئەکرێ سودێکی یەکجار زۆری لێ ببینین چونکە هەم بەردەستە و هەم خۆڕاییە.

پێنجەم: ئەوەی زۆرێک بە بێهێزی ئەبینن، ئەگەر بە هۆشیاری بەکاربێت، بەهێزی ویکیپیدیایە. بۆ نمونە ئەگەر بتەوێ بزانی ئەتاتورک چ پیاوێک بوە ناچی بە تورکی بیخوێنیتەوە، بەڵکوو ئەچی سەردانی یۆنانیەکان یان کوردەکان ئەکەیت تا بزانی چ ڕەخنەیەکیان کۆکردۆتەوە لەسەری.

شەشەم: خودی نوسەرانی ویکیپیدیا لەیەکتر فێر ئەبن. کاتێ دا ئەنیشیت لەسەر بابەتێک بنوسیت، ناچی خێرا ئەوەی لە مێشکتە هەڵی بڕژی، چونکە ئەزانی کەسانی تر دێن و داوای سەرچاوەت لێ ئەکەن. یاساکانیش ئاشکران کە سەرچاوە نابێ هەندێ جێگای سەرپێیی بێت و پێویستت بەوە ئەبێت بڕۆی سەردانی بڵاوکراوە زانستیەکان بکەیت تا ڕاکەی خۆت پشتڕاست بکەیتەوە.

وە زۆر خاڵی تر. بەڵام ئەوەی لێرەدا سەرنجی ڕاکێشام ئەم بڵاگە بابەتەی لەسەر بنوسم ئەوەبوو کەوا ویکیپیدیا پرۆژەیەکە یەکەم لایەن دەوڵەتە سودی لێ ببینێت. نەک وەک وەزارەتێکی هەرێم بابەتەکەش ببات و دەستکاریەکیشی نەکات نەک هەر سەرچاوەکەشی دانەنێت. وە ئەو بناغەیەی بۆ ویکی سۆرانی دانراوە، بەڕاستی ئەکرێ سودی لێ ببینرێت.

ڕۆژێک لە ڕۆژانیش هیوادارم دەستخۆشی بکرێت  لەو کەسانەی شەونخونی دەکەن تا وەزارەتەکانی حکومەتیش سودی لێ ببینن.

1 thoughts on “ویکیپیدیا چیە؟

  1. دەست خۆش کاک لائق ، من وەک نووسەرێکی ویکی دەڵێم — ١) ئەو پێناسەی سەرەوە هی خودی ویکیپیدیایە نەک ویکی سۆرانی بۆ داڕشتبێت ٢) ئێستا کارکراوە بۆ دەستکاریی سپام نموونە لە ویکی ئینگلیزی بەکارهێنەرە سەرەتاییەکان دەستکارییان پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت لەلایەن ئەو بەکارهێنەرانەی لە سانسۆری ویکی دەرچوونە واتە جێگای متمانەن لەویکی ئینگلیزی من ٦٠ دەستکاری بچووکم هەیە بۆیە تاکوو ئێستا جێگای متمانەی ئەوان نیم هەر وتارێکی گرنگ دەستکاری بکەم و پاشەکەوتی بکەم ئەوە بڵاونابێتەوە تاکوو بەکارهێنەری متمانە پێکراو یاخوود بەڕێوبەران پەسەندی دەکەن لە وتارە گرنگ و پارێزراوەکان. ٣)بوونی زانیاری سەرهێڵ لەسەدان کتێبی بێسوود گرنگترە نموونە بۆکس ئۆفیسی فیلمەکان چ هی هۆلیود چ هی بۆلیوودی هیند هەیە من ڕۆژانە سێر دەکەم هەمووی بەخێراییەکی زۆر لە ویکی ئینگلیزی چادەکرێن ، یان یاریکەرێکی فووتباڵ ڕیکۆردێ ئەشکێنێ هاودەم لەگەڵ ماڵپەڕە فووتبۆڵەکان ئەو ڕیکۆردە لە ژیاننامەی ئەو یاریچییە دەنووسرێت ئەوەش خاڵی گرنگی دەستکاری کراوەیە بۆ سەرجەم خەڵکی ٤)جگە لە سایتە وەزارییەکانی هەرێم سایتەکانی وەک ڕووداو و سبەی و بەشێ لە سایتە کۆڵکە تەکنۆلۆژییەکانیش وەک سایتی مامۆستایەکی زانکۆی سلێمانی سوود لە وتارەکانمان دەبینن بەرحاڵ ئەوە تێگەیشتنی خۆیەتییان کە باسی ویکی ناکەن ، ئێمە سووپاسیان دەکەین کە وتارەکانمان دەبەن!

سەرنجێک بنوسە