ئال سعود دۆستی کێن؟

نەخشەی سایکس بیکۆ
نەخشەی سایکس بیکۆ – سەرچاوە ویکیپیدیا

ئەڵێن بارۆن ڕۆن ڕۆتشیڵد (ناوەکە ئەڵمانیە ڕۆت + شیڵد = سور + قەڵغان) یەکەم کەس بوە کە وتویەتی: “کە بینیت خوێن لەسەر جادەیە، بکڕە” یان ئەڵێن لەوە خراپتریشی وتوە: “کە بینیت خوێن لەسەرجادەیە، بکڕە، هەتا ئەگەر خوێنەکە هی خۆشت بێت”. 

وەک لە نوسینەکانی پێشتردا باسم کردوە، لەژێر بیردۆزە ئابوریەکانی بێشکچی، لەسەر بنەمای هاوکێشە ئابوریەکان ئەبێ گۆڕانکاریەکان ببینین. تا ئەو ڕادەیەی بێشکچی مەزهەبەکانی دینی ئیسلامیش لەسەر هەمان گۆڕانکاری شیکار ئەکات. فەیلەسوفێکی وەک بێرتراند ڕەسڵیش گواستنەوەی شارستانیەتی پێش یۆنان بۆ یۆنان، ئەگەڕێنێتەوە بۆ ئاڵ و گۆڕی ئابوری [1]. بۆیە کاتێ ئەبینین گروپێکی “سەربڕ” و “بکوژ و ببڕ” لە ناکاو شارێکی وەک موسڵ یان پارچەیەک لە سوریا کە سەردەمانێک شارستانیەتی گواستەوە بۆ یۆنانیەکان [1] دەسەڵات ئەگرنە دەست لە کەسانێک بە “هەڵبژاردن” هاتبوون، ئەبێ لە خۆمان بپرسین: کێ دۆستی ئەمانەیە؟

ئەم بیرکردنەوانە شتێک نین خۆمانی لێ لا بدەین و بڵێین خۆ چەن ساڵە پیاز پاک ناکەین، لە ڕاستیا ژیانی زۆربەی زۆری تاکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە پیازپاکردن ئەچێت لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانیەوە. هەڵبەتە بە جیاوازی کۆمەڵێکی زۆرکەم. ئەمەیان بۆ ڕۆژێکی تر، ئەگەر پێت وایە هەڵەم. بەڵام لە لایەکی تریشەوە بۆ وردتر پرسیارکردن لە خۆمان ئەگەر وا دانانێین بازرگانی و دۆستایەتی، یاخود سیاسەت و دۆستایەتی، زۆر یەک ناگرنەوە ئەوا پرسیارەکە ئەتوانین بگۆڕین بۆ: “ئال سعود شەریکی کێن؟”

ئیتر کە وامان لێ کرد ناچارین سەردانێکی مێژوویی دەرکەوتنی ئال سعود (ماڵی سعود) بکەین. ئەبینین لە نیوەدورگەی عەرەبیدا، دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانی لەسەر دەستی شەریفانی مەکە کە بە گژ عوسمانیەکاندا چوونەوە، بە پاڵپشتی “لۆرانسی عەرەب” (شۆڕشگێڕەکەی ئینگلیز کە خۆی کردبوو بە عەرەب)، عەرەبستانی سعودی (ناوەکەش لە ئال سعودەوە هاتوە) سەرەتا بە هێزی دین و دواتریش بە ئاگری نەوت گەورەترین هێزی نیوە دورگەی عەرەبن. شەرافەتی مەککە (یان حیجاز) لە سەردەمی عەباسیەکانەوە “خزمەتکار” یان حاکمی کەعبەی پیرۆز بون تا شۆڕشی ئال سعود و قاچگیرکردنیان لە ڕیاز لە ١٩٠٢، کە گوایە نەوەی ئیمامی حەسەن کوڕی ئەبی تالبی ئامۆزا و زاوای پێغەمبەری ئیسلام بوون.

شا عەبدولعەزیزی ئال سعودیش ئەوەی زۆر سەرکردەی کورد و غەیری کوردی ناوچەکە پێیان نەکرا ئەم کردی، ئەویش دروستکردنی دەوڵەتێک بوو لە چەن خێڵ و دەسەڵاتدارێک وە لە دەست سەندنەوەی حوکومڕانی ناوچەکە بوو لە دەستی “بنەماڵەی شەریف” و ڕەشید و هتد. هەر بۆ بیرخستنەوە شای ئێستای سعودیە (ناوەکانیان ئەوەندە وەک یەکە ئەبێ زوو زوو سەیری ویکیپیدیا بکەیت) دەیەمین کوڕی شا ئەولعەزیزی دامەزرێنەری سعودیەی ئێستایە کە لە زۆربەی دوژمنەکانی ژن و ژن خوازی کردوە. واتە لە ١٩٠٠کانەوە تەنها دوو نەوە سعودیە بەڕێوە ئەبات.

ئەو بازرگانە گەورەیەی ڕێگای هیندستانی لە ئینگلیز سەخت کردبوو دەوڵەتی پەککەوتوو و پیری عوسمانی بوو. بۆیە لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی تورک لەسەردەستی گەنجە تورکەکان و کەمال ئەتاتورک، لە هەمانکاتدا ڕوو وەرچەرخانی کۆمەڵگای تورکی بەرەو ڕۆژاوا (درێژکراوەی هەوڵەکانی سوڵتان عەبدولحەمید) لە هەمانکاتدا ئال سعود زیاتر لەسەر عادەتی باو و باپیری خۆیان بەردەوام بوون و سەرکردەکانیشیان ١٨٠ پلە بە پێچەوانەی ئەتاتورک ڕوویان لە خۆیانکرد. ئەم جیاوازیەی نێوان ئەم دوو بازرگانەی ناوچەکە تەواو زەق بوەوە لەوەی کە ئال سعود هیچ پێویستیان بەوە نەما ڕوو لە ڕۆژاوا بکەن و زانیاریەکانی لۆرانسی عەرەب، بە پیشە “شوێنەروارناس”، وە زانیاریی جیلۆجی ئینگلیز لەسەر ناوچەکە و ڕێکەوتنیان لەگەڵ ئال سعود، مانای وابوو چۆن ئێستا باشترین جۆری سەیارە و تەیارە (مەدەنی و جەنگی) بۆیان ئەنێرن ئەوکاتیش بەهەمان شێوە بونە تەنها شەریکی ئینگلیز. بەرامبەر بەمە ئینگلیز یەکەم جێگە پێی خۆی (باسی نێوان ١٩٠٥ بۆ ١٩١٧ ئەکەم) لە ناوچەکە قایم کرد کە ستراتیجیترین جێگابوو بۆ بە ئاسانی دەستگەیشتنیان بە لوتکەی ئیمپراتۆریەتەکەیان کە هیندیستان بوو.

ئەنجا بازێک ئەدەین و دێینە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کاتێک وەهابیەکان کە لە سەرەتای دەرکەوتنی ئال سعودا ئەمانیش یەکێ بوون لەوانەی ئال سعود قتی کردن چونکە لەگەڵ شەرافەتی مەکە دژی ئال سعود ئەجەنگان. لەگەڵ بەردەوامی فیکرە توندڕەویە بەدەویەکەیان وتەواو دەرکەوتنیان، لە بری جەنگی ئیسرائیل ئال سعود ڕێگریان لێ ناکەن هیچ نەبێ وەیان پارەیان ئەدەنێ کە بڕۆن جەنگ دژی ڕوسیا بکەن لە ئەفغانستان (ئەفغان چ گرنگیەکی هەیە؟ نازانم زانیاریدانە تۆسقاڵیەکەی من جارێ هیچی لانیە) بۆیە جەنابی براوەی جەنگی دوەم و پشتیوانی قایمی ئیسرائیل و کۆرپەکەی ئینگلیز (ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا)ش هاوڕایانە و بەردەوامی ئەم ستراتیجیەتە بەڕێوە ئەبەن. وە کاتێک نەوت ئەدۆزرێتەوە ئال سعود بەریتانیا هەڵنابژێرن بەڵکو کالیفۆرنیا هەڵ ئەبژێرن و کۆمپانیای “ئارامکۆ”ی سعودی بەرهەمی ڕێکەوتنی ١٩٣٣ی ئال سعودە. ئاڵۆزکاری ئارسەر بەلفۆر و دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل بابەتی ئەم نوسینەم نیە هەرچەن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە “شەریکایەتی ئینگلیز و شەریف لە لایەک و ئال سعود لە لایەکەوە هەیە.

لەم هاوکێشە ئاڵۆزانەدا ئەبێ باسی بکەم کە شێتۆکەیەک بە ناوی سەدام حوسێن، خوا غەزەبی لێ ئەگرێت و ئەچێ بە گژ قولەی قافا، بۆیە یەکەم پۆستاڵی جەنگاوەرە “مارێنز”ەکانی ویلایەتە ژیرە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە ماڵی ئال سعود (لە سعودیەوە) دا ئەبەزن و لوتی ئەشکێنن. چونکە کەس ناتوانێ لە ئال سعود باشتر خزمەتی ئەوان بکات. ئاخر کە تۆ باشترین شەریکت هەبێ، کێ ئەتوانی شەریکایەتی لەو باشتر بکات؟ ئەوان بوون توانیان کۆتایی بە حوکمی شەریفی مەکە بهێنن بۆیە تا ئەوان شەریکی ئەمەریکا بن، کەسێکی تریان ناوێت بێتە سەرحوکوم تا لەوە باشتریان بداتێ. وە باشترین شەریکیشیان پیرۆزترین جێگای دینی ئیسلامی لە ژێردەستدایە، بۆیە ئەتوانن ئیسراحەت بنون کە کەس لە مەککەوە هێرش ناکاتە سەر “قەناتی سوێس” یاخود کۆرپەکەی ئارسەر بەلفۆر (ئیسرائیل). قەناتی سوێس ڕێگای چەندین هەفتەی کەشتیەکانی ئینگلیزی کورتکردەوە. ئەمەش بۆخۆی بابەت یان چەندین کتێب هەڵ ئەگرێت.

ئیتر، دوای سەدام حوسێن و ترۆپکی ناسیۆنالیستی عەرەبی دوای ناسر، وە لەم ڕوو لە ڕۆژاوا کردنەی تورک و پێویستی ڕوو لە ڕۆژاوا نەکردنی سعودیەوەیە ئەبێ تەماشای پەیوەندی سعودیە بەم گۆڕانکاریانەوە بکەین. بۆیە تەنها دوو بازرگانی گرنگ ئەمێننەوە لە ناوچەکەدا، سعودیە و ئێران. ئێرانیش لەبەر ئەوەی هەر لەسەردەمی ئیسلامەوە نەک نەیانتوانیوە چیتر بێنەوە بەغا و کاسبی بکەن، خوا خوایانە کەس نەدا بەسەریاندا. یان با وای دابنێین. بەڵام ئەبێ بزانین ئەمڕۆ بەسرە شارێکی شیعەیە و نەوتێکی زۆری تیایە بۆیە جگە لەو نەوت و غازەی ئێران خۆی هەیەتی بەسرەش هی ئەوانە، یان هی پیاوی ئەوانە کە هیچ جیاوازی نیە. بۆیە هەردوولا خاوەن نەوتێکی زۆر و دوو ئایدۆلۆجیا و هەزاران ساڵی دوژمنایەتین. بۆ ئەوەی تەواو زانیاری کەمی خۆم بخەمە ڕوو ئەبێ بڵێم باوەڕم بەو قسەیەیە کە ئەڵێن وردە دەوڵەتۆکەکانی سەر خەلیج تەنها لەسەر ترسی ئینگلیز لە ئال سعود ماونەتەوە و هیچ کات بەحرەین و قەتەر و الخ ناتوانن تەکان بە ئال سعود بدەن.

بۆیە: بەریتانیا شەریکی سەرەکی لە دورگەی عەرەبی ئیسرائیل نیە و سعودیەیە. ئیسرائیل (جا ئەگەر حەماسەتی دینیت زۆر هانت ئەدا ئەوا ناوی بنێ سەهیۆنیەت و زایۆنی و شتی تریش) کۆرپەیەکی گوێڕایەڵی ئارسەر بەلفۆرە بێ ئەوەی زۆتر لەسەری بڕۆین مەبەستم ئەوەیە جولەکەی نیشتەجێی ئیسرائیل بەکارهێنراون نەک بەکارهێنەر. وە ئەو دەنگە دەنگەش جار و بارە لە سعودیەوە دێ هەر ئەکرێ گوێ ڕاکێشانی ئال سعود بێت لە لایەن بەریتانیەکانەوە. جەنابی بن لادنیش تریلیۆنلەرەکانی سعودیەن بۆیە ئەوەی بە کەس نەکرا بەوان ئەکرێ (جارێکی تر کەڵە پیاو خۆی قسەیەکی گوماناویە)، وە ئەم سەربڕ و ئاڵا ڕەشانەش هەمان وەهابی و تریلیۆنلەرەکانی کە دروستکەری یان  پشتیوان  قاعیدە بوون، پشتوانی لەمانیشی ئەکەن.

بۆیە داعش ئەگەر نەک خاڵێکی سنوری سعودیە بەڵکوو تەواوی سنوری سعودیە کۆنترۆڵ بکەن، تەنها بۆ ئەوەیە هەیمەنەتی مەکە و مەدینە بەسەر نەجەف و کەربەلا وەک ١٠٠ ساڵی ڕابردوو بمێنێت و عێراق لە سەدام حوسێنەوە بگۆڕێت بۆ کەللە پوتێکی وەک مالیکیی شیعە نەک بازرگانێک کە زەرەری بۆ پەزەکانی ئینلگیز هەبێت. وە چیتر پاشای سعودیە هەر ڕۆژەی بەیعەت بە دەوڵەتێکی ئیسلامی نەدات لە ئەستەنبوڵ، قاهیرە یان بەغا بۆیە داعش ستراتیجیەتێکی گەورەی ئالی سعودە کە بەیەک بەرد  دیمەشق،، تاران، بەغا و کۆلکە دەوڵەتەکانی دەوروبەریشیان بتەزێنن کە خوێنڕشتنی سەر جادەکەش قسەکەی جەنابی ڕۆتشیڵد بۆ ئینگلیزەکان (هەروەها بۆ ئەمەریکای هاوپەیمانیان) ساغ ئەکاتەوە کە تیایدا “بکڕن”.

لە کۆتاییدا: هەموولایەکمان (بە ئیسرائیلیەکانیشەوە) دۆستی بەریتانیاین بەمەرجێک دوژمنی ئەویترمان بین. کاممان زیاتر ئەویترمان بکوژێت و خوێنی زیاتر بڕژێت، بستێک زەوی کەسی داگیر نەکردوە.

تەنها بە دژایەتی یەکتر ئەتوانین ئەو هاوسەنگیە ڕابگرین کە هەموو لایەکمان پێویستمان بە جەنابی حەکەم  (بەریتانیا +- ئەمەریکا) هەبێت. بۆیە وەڵامی پرسیارەکە ئەمەیە: ئال سعود “شەریکـ”ـی کەس نین شەریکی مانەوەی خۆیان نەبێت.

تا خوێن بڕژێت ڕۆتشیلد زیاتر ئەکڕێت. بۆیە داعشیش وەک سەدام حوسێن داشێکی سەلەفی ڕەگەزی ڕەش پۆشی شەترەنجەکەن.

[1] کتێبی “مێژوی فەلسەفەی ڕۆژاوا”، بەشی فەلسەفەی پێش یۆنان.

One thought on “ئال سعود دۆستی کێن؟

سەرنجێک بنوسە

Fill in your details below or click an icon to log in:

WordPress.com Logo

You are commenting using your WordPress.com account. Log Out /  گۆڕین )

Google photo

You are commenting using your Google account. Log Out /  گۆڕین )

Twitter picture

You are commenting using your Twitter account. Log Out /  گۆڕین )

Facebook photo

You are commenting using your Facebook account. Log Out /  گۆڕین )

Connecting to %s