کە خۆت یادگاریەکانت لە ئەنفالدا گەورەتر بن لە نوسینەکانی شێرکۆ بێکەس، لە دوعای پیاوچاکان، لە نوزەی جەرگی دایکێکی ڕۆڵە ‘سەرنگوم’ ئەوا ئەبێ بزانی کە ئیتر کاتی گێڕانەوەی ‘چی بوو’ بەسەر چوە. کاتی ‘بۆچی بوو’ لە مێژە هاتوە بەڵام مرۆڤ وەک تەبعی دەیانهەزار ساڵەی زۆرتر دوای عاتیفەی ئەکەوێت وەک لەوەی سارد و سڕ دانیشێت و بیر لە لۆجیکی پشت ڕووداوەکان بکاتەوە.
بۆیە ئەمساڵ، لەم کورتە نوسینەمدا، هەوڵ ئەدەم لە بری ئەوەی بە دوای وێنەکانی نوگرە سەلمان، بینا و جێگاکەی، بە دوای هۆکارەکاندا بگەڕێم. داخۆ سەدام حوسێن بۆ تورکمانەکانی ئەنفال نەکرد، ئەگەر کابرایەکی ئەوەندە شۆڤینی عەرەب ڕەگەزپەرست بوو؟ ئەی بۆچی لە ناو نوگرە سەلمان خۆیدا خەڵک هەبوو تێر و قەڵەو بوو؟ ئەی بۆچی گەڕەکێکی دهۆک، سلێمانی، یان هەولێری چۆڵ نەکرد و یەخەی بە ڕەش و ڕووتترین خەڵکی ناوچەکانی گەرمیان و دواتریش ئێمەی دەرچووی هەڵەبجەی گرت؟ ئەی ئەگەر ژن و منداڵی بارزانیەکانی هەموو کوشت ئەم هەموو چەکدارەی جەنابی کاک مەسعود باسی ئەکات لە کوێ لە دایک بوون؟
کاتێک باسی گەڕەکێکی شارێکی تر ئەکەم با جوانتر ڕوونی بکەمەوە مەبەستم ئەوە نیە لەو گەڕەکانەدا خەڵکی شۆڕشگێڕ نەبوون یاخوود تەواوی ڕەش و ڕووتەکان شۆڕشگێڕن. بەڵکوو مەبەست ئەوەیە ژمارەی شۆڕگێڕ بەرامبەر ‘با لەکوێوە هات لەوێوە شەن ئەکات’ چەند بە چەند بوو بە ئێستاشەوە. ئایا کەسێک داهاتی مەبەست بێت توانای هەیە فیکر، دین یان هەر جۆرە پرەنسیپێکی تر بخاتە ناو هاوکێشەکەوە؟ بێگومان نەخێر.
بۆیە وەڵامەکە ئاسانە: مەسەلەکە دەوڵەمەندی و فەقیری یان ڕاستتر مەسەلەی جیاوازی گەورە لە دابەشبوونی داهاتتدایە.
یانی ڕوونتر بۆ ئەوە کرا هەندێ فەقیر بکرێن بە دەرس بۆ ئەوانەی هێشتا بڕیاریان نەدابوو دژ بە داهاتی سەدام حوسێن بوەستن. ئەمە جوانتر ڕوونی ئەکاتەوە، وە ئاسانتریش ئەنجام ئەدرا لەسەریان چونکە دەنگیان تەنها بە خوا ئەگەیشت. بەڵام هەمان هاوکێشەیە، سەدام حوسێن بەبێ داهاتی نەوت ئەگەڕایەوە بۆ ژێردەستەیی و تێهەڵدرانی لە لایەن کەسێکی ترەوە (دواتریش هەر وابوو کرا بە قەنارەوە) بۆ نموونە لەلایەن کەسیکی وەک جەنابی مالیکیەوە. ئێستاش لەو شوێنەی پێی ئەڵێین ‘هەرێمی کوردستان’ هەمان کێشە هەیە، ئەوانەی سەرەوە مەرگیانە ئەگەر بێت و لە جێگای خۆیان نەمێنن و یەکێکی تری وەک خۆیان بچێتە جێگاکەیان.
ئاخر فەرموون ئێوە شتێکم پێ بڵێن جیای بکاتەوە؟ بۆچی کوردێکی ملیۆنێر یاخوود مستەشارێکی ئەوکاتە کە لەژێرەوە بە ڕاستی یارمەتی ‘مخربین’ی ئەدا وای بەسەر نەهات؟ بۆچی هەندێ لەوانەی کە ئێستا بوون بە خاوەنی میراتی کوشتاری بارزانیەکان لەوێ نەجاتیان بوو؟ ئەی کێ پێش کێ لە نوگرە سەلمان هاتە دەرەوە؟ ماڵی ئێمە یان ماڵی کابرای تێر و قەڵەو؟
نەخێر خافڵ نیم لەوەی لە ١٩٢١ بەدواوە گەورە ئەکادیمی، شاعیر و هەتا هەندێکی زۆر لەوانەش گوایە بڕوایان بە ڕۆژی دوایی هەیە باسی دەوڵەت و یەکێتی خاک ئەکەن وەک ئەوەی خواکەی ئیبراهیم و موسا نەخشی کردبێ لەسەر زەوی. وەک ئەوەی سنورەکانی سایکس پیکۆ، قسەکانی سێر کۆکس و جەنابی کۆنۆلێڵ ویڵسن، بەشێک بن لە قەدەری نەبڕاوەی لانکەی شارستانیەت (عێراقی ئێستا).
ئاخر ئەوکات ئەم جۆرە ئەریستۆکراتە سەرزلانەی ئینگلیز و فەرەنسی چاک ئەیانزانی چەند نەتەوەیەکی دەوڵەمەند نەک تەنها بە خاکی بەپیت بەڵکوو بە جۆرەها کانزا و داهاتی تر خافڵن لەوەی کە ئەو زانستەی ئەمان ٦٠٠ ساڵ لەژێر سایەی عوسمانی چینی سەرەوەی تورکپەرست بیریان چووبوەوە دروستکەری ئەمانە و خزمەتکاری قەسر و خزمەتکارەکانی ئەمانە لە فێنکی و ئەمانەتی ئەوروپادا. کە ئەڵێم بیریان چووبوەوە ڕێزێک لە حاموڕابی ئەگرم دەنا کەسێ ترم لە خەیاڵ نیە زانیبێتی. ئێستاشی پێوە بێت چاک ئەزانن بە ناو ڕۆشنبیر و سیاسەتمەدارەکانی ئێمە ئەقڵیان وەک سەیارە ئاخر پێشکەوتوەکانی بەریتانیا و ئەڵمانیا توانای فڕینیان نیەو ناگەنە ئاسۆ فراوانەکانی بیرکردنەوە لە دەرەوەی چوارچێوە قایمەکەی سایکس پیکۆ.
ئێمە ئەقڵمان تەسک بۆتەوە لە چوارچێوەی هەندێ ئەفکاری بچوکدا و خودی دینەکەش کە گوایە بۆهەموو دنیا هاتوە بچوکمان کردۆتەوە لە هەڵەبجە و ئەنفالدا. یەکێ ئەنوسێت ‘بای ذنب قتلت’ ئەوی تر بە پێچەوانەوە ئەڵێ ‘ئەنفال سورەتێکی قورئانە’. ئێمە ناتوانین بپرسین باشە لە کوێوە بۆ کوێ هاتین؟ کێ نا و چۆنیش نا، بۆچی وایان لێ کردین؟ پرسیارە گەورەکان کامانەن؟ بەڕاست ئەوان بە زانست بە هێزن و ئێمە بێ زانست بێ هێزین؟ ئایا زانستی تاقیکراوە بێ زانستی مرۆیی هەموو شتێکە؟ یان ئەوان و عوسمانیەکانیش ‘دۆزینەوە’یەکی گەورەیان کرد ئەویش دامەزراندنی دەوڵەت بوو؟ بەڕاست بە دەوڵەت بوون کێشەکان چارەسەر ئەکات؟ یان دوای هەر کارەساتێکی وەک ئەنفال ئەبێ دەوڵەت بۆ زوڵم لێکراوەکە دروست بکرێت؟
یەکسانیەتی مرۆڤ خەوێکە نایەتە دی (لانی کەم لە تەمەنی مندا)، ئەمە چاک ئەزانم. بەڵام ئایا ئەزانم خۆشگوزەرانترین و خۆشحاڵترین خەڵکی سەرزەوی لە سویسرا ناژین بەڵکو لە ناخۆشترین جوگرافیای دنیادا کە ئیسکەندەنافیایە ئەژین؟ نەرویج ئەو وڵاتەیە کە بە یەکسانترین وڵاتی دنیا ئەژمێررێ لە ڕوی دابەش بوونی داهاتەوە. دوای ئەوان سوید دێت کە دیسان هەموو ئەزانین لە چ کەش و جێگایەکی جوگرافی و جیۆلۆجیدا ئەژین. هەر بۆ زانیاریشمان قەتەرو نەرویج ڕێژەی داهاتیان وەک یەک نزیکە بەڵام قەتەر لە لیستی خۆشحاڵەکاندا ناویشی نیە.
بۆیە کاتێ پرسیارە گەورەکان دێنە پێشەوە پێویست بە زانستی ئەتۆمی ناکات، هیچ فەیلەسوف و قسەزانێکیشی ناوێت بۆت شەرح بکات، بۆخۆت تەماشای دەوروبەری خۆت بکە جوان تێ ئەگەیت لەوەی لەو هەموو تاڵیەی چەشتمان کێ بەڕاستی چەشتی و بۆچی چەشتی. دیارە هەردوو تەوەرەکە، مەسەلەی خۆشحاڵی نەرویجیەکان ناچارم ئەکات بڵێم تا ئەم تەمەنەم ڕێم نەکەوتوە لە فەیلەسوفێکی نەرویجی ژیانی بۆ دژایەتی دین تەرخان کردبێت وە یان بە پێچەوانەوە لای ئێمەش دیندارێکمان نەبینی ژیانی بۆ یەکسانی خەڵک تەرخان کردبێت.
ئەگەر بە نیازیت لە مێشکدا یان ڕوو بە ڕوو پێم بڵێی من مەسەلەکەم بچووک کردۆتەوە ئەوا هیوادارم جێگایەکی ئەم سەرزەویەمان پێ بڵێی کە بە فیکرێک، ئایدۆلۆجیایەک، تەکنۆلۆجیاک یان هەر لۆجیایەکی تر ئارەزووت لێی هەیە گەشتبێتە ئاستی خۆشگوزەرانی نەرویجیەکان.
لە کۆتاییدا ئەڵێم: ئەنفال لەسەر دەستی هەندێ دەست ڕۆیشتوو کرا، لە ژێر ئاڵای بیری شۆڤینی نەتەوەپەرستی، بەڵێ دژ بە کورد کرا چونکە کورد ئەوکات ڕەش و ڕووتەکانی کورد بوون ترسیان لە فەوتانی قەسر و قەمەرەیان نەبوو بە گژ سەدام حوسێندا وەستان. دەنا دژ بە دەوڵەمەندە دەست ڕۆشتوەکانی کورد نەکرا کە ئەکرێ هەمان هەستی ڕەش و ڕوتەکانیان هەبووبێت.
ئەگەر نا ئاگادارم بکەن کامە دەوڵەمەندی کورد لە پرۆسەی ئەنفالدا خۆی و ماڵ و منداڵی تیا چووبن، یاخود لە دوای پرۆسەی ئەنفال یان هەڵەبجە لە جێگایەکی ئەو چەن ملیۆن نەفەریە بینایەکی چۆڵکرد بۆ گەڕاوەکانی ئەنفال؟
وە ناچارم بڵێم کە ئەمەی ئەیڵێم هیچ مانای ئەوە نیە خەڵک ‘قەرەبوو’ بکرێتەوە. وشەکە خۆی نامۆیە، ئەوی داوای قەرەبوو ئەکات بۆخۆی هاوکێشەکەی لنگاو قوچ تەماشاکردوە. کەمکردنەوەی جیاوازی مانای زیادکردنی داهاتی نەدار نیە، بەڵکوو بڕینی داهاتی دەوڵەمەندە. ئەم سەر زەویە جێگای ٧ ملیار فەقیری تێدا ئەبێتەوە بەڵام بەپێچەوانەوە نەخێر. بۆیە لانی کەم باوەڕم بە ‘چەسپاندنی دادگەری’ هەیە بەسەر ئەوانەی دەستیان هەبوو (چ نەدار چ هەبوو) بەڵام لەوێدا کۆتایی نایەت. ئەوە تەنها سەرەتای پرۆسەکەیە. کۆتاییەکەی بە کەمکردنەوەی جیاوازی دەرامەت دێت لە نێوان تاکەکانی ئێمەدا.
شتەکان وەک خۆی جوانە.پێم وایە گەر قەبووڵی بکەین کە کورد هێشتا لە سەردەمی کۆمۆنی دووهەمی عەشیرە ماوەتەوە ئەم شتانە پێویست بە مێژوو ناکا.عەشیرەش هەروا کە مەسعود البرازانی گوتی: ئیتر لە کێو نەماوەن هاتنەتە نێو شار”شاریش سەمبۆلی مەدەنییەتە.ئەوەی تریش دەڵێت شوێنی ئێمە هەر چیاکانەو هاودەمان.چا هیمای + لەگەڵهیـای – هەر لەیەک دوور دەکەوەن.واتە عەشیرە گەر بێتەوە بۆ شار هەم لە کۆمۆنەکەی کە بریتییە لە چەتەیی و دزیەتیی و تاڵآنکردنی یەکترە دوور دەبێ، هەم شارستانیەتیش فێر نابێت .
ئەوەی کە لە ڕۆژهەڵات ١٠٠ لە ٨٠ پێکن کە حیزبی یەکیەتی و گۆڕانی ئیستا ئەم بەڵایان بە هانا بردن بۆ ئێران بە سەر خۆڵی کوردستان هاورد.
دەوڵەمەدیس بۆیە لە جەنگ ناکوژرێت چونکە ئامێری داهێنان لە ژێر دەستیەتی بۆ هەڕاکردن و چەوساندنەوەی بە شێک لە خۆی بە ناوی هەژار و فەقیر .
کاک لاییق دەبێ باوڕ بەوە بکەی کە هەژارە سەرمایەدار درووست دەکات چوونکە بەشیکە لە جەستەی سەرمایەدار.بۆیە ناتوانی ٧ ملیار دەوڵەمەندت بێت .چوونکە ئەمانە وەک کردمی ناو خۆڵ وان گەر بەشیکیان ببڕی ئەو بەشی دیکەی خۆی درووستدەکاتەوە بەڵآم هەژار وا نییە دەبێ بە یادگاری وەک هەڵەبجەو ئەنفال.
نە ئامێری بەرهەمهێنان و نەئامێری بازار جیاوازی درووست ناکا بەڵکوو ئەمە باوڕی هەژارەکانە کە یەکێک باشتر لەوان هەیە کە دەتوانێت لە هەژاری ڕزگاریان بکات بۆ یە تۆ هەمیشە یەکیەتی و پارتی لە کوردستان دەبینیت…. دەستخۆش
فیکر هیچ نیە فیزیا نەبێ، کە فیزیا نەبوو ئەفلاتوون با بۆخۆی فەلسەفە لێ دات کاکە قەزوان.
دەستخۆش بۆ سەرنجەکەت. تکایە مەیسڕەوە 🙂