شتێکی سەیرە لام، تا زیاتر بیر لەمە ئەکەمەوە زیاتر ئەگەمە ئەو باوەڕەی خواجە تەواوی ژیانی تورکەشی لە بیر و بۆچوونەکانیدا ڕنگ پێ داوەتەوە.

خواجە، کەسێک نیە لە قوبرس لە دایک بووبێت و کێشمەکێشمی یۆنانیەکان ئاگری تێبەردابێت. خواجە لە پانتایی ئەنادۆڵدا بۆخۆی ڕێی ئەکەوێت لە کەسێک کە دواتر پێی ئەوتر بەدیعی زەمان.
تورکەش، دروستکەری بیری نوێی تورکایەتی لە تورکیا، ئەوترێ کەوا ئایدۆلۆجیاکانی نیهال ئاتسزی کرد بە پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، واتە مەهەپە، وە وشەیەک لە نوسینەکانی ئەودا وام لێ ئەکات ڕابکەم لەسەر کورسیەکەم پێش ئەوەی تەواو خۆم تەڵقین بکەم کە خواجە لەوەوە زۆر شت فێر بوە.
نوسینەکەی تورکەش ناسراوە بە بیروباوەڕی نۆ تیشکی، یان بە تورکی دۆکوز ئیشیک دۆکترینی. ناچمە ناو ئەمەوە بەڵام وشەی ئیشیک، هەمان ئەو ناوە گەورەیەیە کە پانتاییەکی تەواوی لای خواجە هەیە. خواجە ئەیتوانی وشەی نور بەکار بهێنێت. لای نورسی وشەی نور بەکاردێ، چونکە نورسی تورانیزم و کوردایەتی وەک یەک تەماشا ئەکات. لای نورسی بەپێچەوانەی ئاتسز تورانیزم ئەو قیمەتەی نیە تا زاراوەیەک لەوێدا زەق بێت لای نورسیش زەق بکرێتەوە. بۆیە ئەم نامەکانی، بە ڕیسالەکانی نور ناسراون. واتە ئەتباتەوە سەر عەرەبی و قورئان نەک تورکایەتی و تورانیزم.
ئەم وشەیە، ئیشیک، ئیشق، ناوی مەکتەبەکەی ئێمەبوو لە هەولێر وە ناوی تەواوی ماڵەکانی خواجەیە لە تورکیا و کوردستان و دنیا کە تیایدا مێشکی گەنجان ئەشۆردرێتەوە بە تێکەڵەیەک کە تەنها خواجە خۆی توانای پێناسەکردنی هەیە.
بۆیە لەم چەن دێڕەدا ویستم بە خۆم و بە ئێوەش بڵێم:
ئەگەر تورکەش نەناسی ناتوانی بڵێی خواجە ئەناسم. ئەگەر کارەکانی تورکەش نەناسی زۆر سەختە بتوانی لە کارەکانی خواجە فەتحوڵا شارەزابین. وە ئەگەر نورسی و ئاتسزیش نەناسین بە جوانی ئەوا ناتوانین هیچ یەک لەو دوانە بە جوانی بناسین.
ئەنجا وەڵامی پرسیارەکە ئەتوانین وەرگرین کەوا: ئەگەر تورکەش وەرگێڕ و هێنەری بیری ئاتسز بێت بۆ ناو مەیدانی سیاسی تورکیا لە بەرگی پارتی بزوتنەوەی ناسیۆنالیستی، مەهەپە، دا ئەوا خواجە وەرگێڕ و هێنەری بیری سەعیدی نورسیە لە بەرگی ‘خزمەت’دا.
وە هەردوکیان یەک شتیان یەکە:
تورکەش لە ئاتسز نەرمتر خزمەتی کرد بە تورکایەتی و تورانیزم، خواجەش بە وزەی نوسینەکانی نورسی هەمان خزمەت ئەکات.
دوای ئەم کورتە نوسینە سەرێکی گوگڵم دا، ئەمەم بینی، کە نامەی تورکەشە بۆ خواجە. ئیتر وازم لەم پارچەیە هێنا و بڵاوم کردوە بێ دەستکاری زیاتر.
هەڵبەت خەڵکی تریش، ئێستا ئەزانم ئەڵێن ئاتسز بە شەڕ ئەیویست بیری “پان تورکیزم” بڵاو کاتەوە. دەنا مەکتەبەکانی خواجە ئەبوایە چوونە هەر وڵاتێ زمانی ئەو وڵاتەیان هەڵبژاردایە تا دوربن لەمە. بەڵام وانیە. http://www.tandfonline.com/doi/pdf/10.1080/714004510